نزیکەی 10٪ـی خواست لەسەر برنج بە بەرهەمی نێوخۆ پڕدەکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ نزیکەی 20 هەزار تۆن برنجی کوردییان بەرهەم هێناوە، بەشی زۆری بەرهەمهێنانی برنجەکە لە ئاکرێ و دەشتی هەریر و باتاس بووە. برنجی کوردی لەڕووی نرخەوە لە برنجە هاوردەکراوەکان گرانترە.
 
لە ئاکرێ برنجی شەش مانگە و سێ مانگە دەچێندرێت. بەرهەمی ئەو کێڵگانە ماوەی چەند ساڵێکە وەکو براندێک بەردەوام لە بازاڕ دەست دەکەوێت. 9 هەزار دۆنم زەوی بە برنج چێندراوە، بەرهەمی ئەمساڵی برنجی ناوچەکە نزیکەی 10 هەزار تۆن دەبێت.
 
ساڵانە نزیکەی 200 هەزار تۆن برنج لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت لە کاتێکدا تەنیا 20 هەزار تۆن برنج لە نێوخۆ بەرهەمدەهێندرێت. بڕی ئەو سەرمایەی بۆ کڕینی برنج دەچێتە دەرەوە زیاتر لە 230 ملیۆن دۆلارە. 
 
ئێستا وەرزی دروێنەی برنجە لە باشووری کوردستان، قەدەکان توانای راگرتنی گوڵە گەورە و پڕدانەکانیان نەماوە. جووتیاران بەهەرەوەزی بەرهەمەکانیان دەچننەوە.
 
نەجات مەحموود، جووتیارێکی برنج دەڵێت، "من لە دوو دۆنم و نیو زەویدا زیاتر لە 300 تەنەکە برنج هەڵدەگرمەوە و کۆی تێچووەکەشم بڕی دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار بووە، بەرهەمەکانی دیکەی کشتوکاڵ وەک برنج سوودیان هەبێت جووتیار حاڵی زۆر باش دەبێت."