بەڕێوەبەری RT بانک بۆ رووداو: دۆلار لە بانکەکاندا ماوە و هاووڵاتییان دەتوانن پارەی خۆیان رابکێشن

12-09-2023
هیدایەت جان
نیشانەکردن هەمیلە گەردی ئاڕتی بانک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاڕتی بانک لەبارەی ئەو کێشەیەی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو لە راکێشانی پارە بۆ هاوبەشەکانیان دروستببوو دەڵێت بەهۆی ئەپدەیتکردنی سیستمی بانکەکەیانەوە بووە و دەشڵێت: "بە بڕیاری بانکی ناوەندی راکێشانی دۆلار لە ئەی تی ئێمەکان راگیراوە و هەر هاوبەشێک بیەوێ دۆلار وەربگرێت، دەبێت سەردانی بانکەکەیان بکات".
 
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2023 هەمیلە گەردی، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاڕتی بانک میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیدەکات. هەمیلە گەردی رەتیکردەوە ئارتی بانک هاوبەشەکانی ناچار بکات لەبری دۆلار دینار بە نرخی بانکی ناوەندی وەربگرن.
 
هەمیلە گەردی دەڵێت: "ئەو هەواڵە راست نییە کە ئارتی بانک دینار دەداتە ئەو هاوبەشانەی دۆلاریان لە بانکەکەمان داناوە، ناوبەناو ئەو پروپاگەندانەمان لە دژ بڵاو دەکرێنەوە، نووسراوی فەرمیمان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە بۆ هاتووە کە هەر هاوبەشێک پارەی کاشی لە بانک دانا، ئەگەر ئەو پارەیە دۆلار بێت، هەرکاتێک ئەو هاوبەشە ویستی دەتوانێت پارەکەی بە دۆلار لە بانک بکشێنێتەوە، ئەگەر ویستیشی بە دینار پارەکەی وەربگرێتەوە، هەر دۆلارێکی بە هەزار و 320 دینار بۆ هەژمار دەکرێت".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاڕتی بانک گوتی: "دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە ئارتی بانک دۆلاری نییە، بە هاوبەشەکانمان گوتووە دەتوانن دۆلارەکانیان لە بانکی ئێمەوە بگوازنەوە بۆ بانکێکی دیکە تەنیا لە رێگەی ئەپلیکەیشنی ئارتی بانکەوە، تەنانەت پێویستییان بەوەش نابێت سەردانی بانکەکەمان بکەن و ئەگەر ویستیشیان بە کاش پارە لە بانکەکەمان وەربگرن، دەیاندەینەوە".
 
هەمیلە گەردی لەبارەی ئەو دۆلارانەی لە دەرەوەی عێراقەوە حەواڵەی بانکەکانیان دەکرێت گوتی، ناتوانن ئەو پارەیە بە دۆلار بدەنەوە بە هاووڵاتییەکە و دەبێ دۆلارەکە بە نرخی بانکی ناوەندی و بە دینار بدەن بە هاوبەشەکەیان و وەکو ئاماژەی پێدەدات؛ "ئەو دۆلارە بە سیستمی سویفت دێتە نێو عێراق سەرەتا دەچێتە بانکی ناوەندی و بانکی ناوەندیش وەکو جاران گواستنەوەی دۆلار ناکات و سنووری بۆ بانکەکان داناوە کە هەفتانە چەندە دۆلار وەربگرن، ئەوەش رێکارەکانی نەهێشتنی سپیکردنەوەی پارەیە لەلایەن ئەو بانکەوە گیراوەتەبەر".
 
زیاتر روونیدەکاتەوە؛ "ئێمە نەمانویست بکەوینە نێو ئەو کێشانەی لە رێگەی حەواڵەی پارە لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ بانکەکەمان دەکرێت، لەبەر ئەوەی نازانین ئەو پارەیە چۆن و لەکوێوە هاتووە، بۆیە هەر دۆلارێک لە دەرەوە حەواڵە کرابێت، ئێمە بە دۆلار بە هاوبەشەکانمانی نادەینەوە و دەیکەین بە دیناری عێراقی و هەر دۆلارێکیش بە هەزار و 130 دینار هەژمار دەکەین، ئەوە حەوت مانگە لە هەموو بانکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت".
 
چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە ئارتی بانک پارەی کاشی لە بانکەکانیدا نەماوە، بەڵام هەمیلە گەردی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و گوتی: "دۆلار و پارەی کاشی خەڵک و هاوبەشەکانمان لە بانکدا ماون و هەرکامیان حەزی لێبوو بە دۆلار پارەکەی وەرگرێت دەتوانێت بێ و وەریبگرێت و ئەوی دەشیهەوێ بە دینار وەریبگرێتەوە، بەپێی رێنمایی بانکی ناوەندی عێراق بۆ ئەوەی تووشی لێپێچینەوە نەبین، دۆلاری بە هەزار و 320 دینار بۆ دەگۆڕینەوە".
 
لەبارەی راکێشانی دۆلار لە ئەی تی ئێمەکانی ئارتی بانکەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاڕتی بانک پشتڕاستیکردەوە کە ئەو خزمەتگوزارییەیان وەستاندووە و دەشڵێت: "ئێمە لە رێگەی ئەی تی ئێمەکانەوە ناتوانین دۆلار بدەینە هاوبەشەکانمان، لەبەر ئەوەی ئەی تی ئێمی عێراق سەرجەمیان بوونە دینار و ئێمە تاکە بانک بووین شەش مانگی رابردوو دۆلارمان لە رێگەی ئەی تی ئێمەکانەوە دەدا".
 
بە گوتەی هەمیلە گەردی: "هەموو بانکەکان لە هەموو شارەکانی عێراق یەک یان دوو ئەی تی ئێمیان هەیە کە دۆلار دەدات بە هاوبەشەکانیان و ئەوەش بووە بە یاسا دەبێ هەموو پێڕەویی لێبکەن و ئێمەش بڕیارە بەم نزیکانە لە هەر شارە و چەند ئەی تی ئێمێکی دۆلار دابنێین". دەشڵێت: "ئێستا هەموو ئەی تی ئێمەکانی ئێمە دیناریان تێدایە و دۆلار بە هەزار و 132 دینار دەگۆڕنەوە، بەڵام ئەگەر هاوبەشەکە ویستی دۆلار وەرگرێت، دەبێت سەردانی بانکەکەمان بکات".
 
لەماوەی دوو رۆژی رابردوو کێشە بۆ هاوبەشانی ئارتی بانک دروستبووبوو لە وەرگرتنەوە و راکێشانی پارە، هەمیلە گەردی دەڵێت، بانکەکەیان سەرقاڵی ئەپدەیتکردنەوەی سیستمی ئەی تی ئێم و سەرجەم ئەپ و بەشەکانی بووە و دەڵێت؛ "لەگەڵ ئەوەش گرفتێکی تەکنیکی لە سیستمی بانکەکەماندا دروستببوو و ئێستا ئەو گرفتە نەماوە".
 
لەدوای بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، بانکی ناوەندی عێراق بڕیاریدا هەر هاووڵاتییەک سەفەری دەرەوەی وڵات بکات، دۆلاری بە هەزار و 132 دینار پێ بفرۆشن، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاڕتی بانک گوتی؛ "تاوەکو ئێستا پرۆسەی پێدانی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بۆ ئەو کەسانەی سەفەری دەرەوەی وڵات دەکەن لە بانکەکەمان بەردەوامە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو کارمەند لە کێڵگەیەکی نەوتی عێراق کار دەکەن. وێنە: ئەرشیڤ

نرخی نەوت نزیکەی دۆلارێک بەرزبووەوە

نرخی نەوت رۆژی هەینی لەکاتی داخستنی بازاڕەکاندا بە ریژەی 1% بەرزبووەوە، بەپێی شرۆڤەکاران هۆکاری بەرزبوونەوەکەی بۆ تووندبوونەوەی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەگەڕێتەوە