گومرگی سنە: قەبارەی بازرگانیمان 2 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گومرگی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی پارێزگاکە 36% زیادیکردووە و 2 ملیار دۆلاری تێپەراندووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە 4 مانگدا بایی زیاتر لە 240 ملیۆن دۆلار کاڵا و پێداویستی هاوردە کراوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ی ئابی 2024، فەرامەرز ئومێدی، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی پارێزگاکە لە 21-03-2024 تاوەکو 21-07-2024 یەک ملیۆن و 792 هەزار تۆن کاڵا و کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە 2 ملیار و 17 ملیۆن دۆلار بووە کە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو لە رووی کێشەوە 36% و لە رووی نرخەوە 10% زیادیکردووە.
 
فەرامەرز ئومێدی گوتی، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 525 هەزار تۆن کاڵا و پێداویستی بە بەهای 248 ملیۆن دۆلار لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانەوە بۆ دەرەوەی وڵات هەناردە کراوە؛ گوتیشی، زیاترین ئەو کاڵا و کەلوپەلەی هەناردە کراون بریتین لە تراکتۆر، گوشتی مریشک، هێلکە، شیری وشک، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، سەوزە و میوە کە بۆ 18 وڵات نێردراون لەوانەش بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە، لەو چوار مانگەدا زیاتر لە 76 هەزار تۆن کەلوپەل و کاڵا بە بەهای زیاتر لە 241 ملیۆن دۆلار لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هاوردە کراوە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو لە رووی کێشەوە 125% و لە رووی نرخەوە 49% زیادیکردووە؛ ئاماژەشی بەوە کرد، زێر، ئەلەمینیۆم، کەرەستەی خاو، پارچەی یەدەکی ئۆتۆمبێل و یەدەکی کارگەکان زۆرترین ئەو کەلوپەلانەن کە لە وڵاتانی وەک عێراق، ئیمارات، نەمسا، چین، ئیتالیا، ئەڵمانیا و تورکیاوە هاوردە کراون.
 
بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە گوتی، لەو ماوەیەدا ترانزێتکردنی کەلوپەل و کاڵا لە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخەوە نزیکەی یەک ملیۆن و 171 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار و 439 ملیۆن دۆلار بووە، کە بەهاکەی بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو 47% زیادیکردووە.
 
دەروازەی سنووریی باشماخ دەکەوێتە نێوان قەزای پێنجوێنی پارێزگای سلێمانی و شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە خاڵێکی سنووریی گرنگە لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.