یەک ئۆنسە زێڕ بە 2430 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، پارێزگاری لە ئاستە بەرزەکانی خۆی کرد و بە 2430 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە سێ کۆبوونەوەی بازاڕدا و لەدوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە بیمەی بێکاری لە ئەمریکا، نرخی زێڕ رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.
 
گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەگەری پێکدادانی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەپێی شرۆڤەکاران بووەتە هۆکار بۆ پاڵپشتی لە نرخی زێڕ، بەوپێیەی بازرگانان لە کاتی نادڵنیایی و ناڕوونی، روو لە کڕینی زێڕ دەکەن.
 
رۆژی یەکشەممە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە وەزیری بەرگریی ئەمریکای راگەیاند، ئامادەکاریی سەربازیی ئێران دەریدەخات ئەو وڵاتە بەنیازە هێرشێکی بەرفراوان بکاتە سەر ئیسرائیل.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم هەفتەیە ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر و کەرتی وردەفرۆشی لە ئەمریکا بڵاودەبنەوە کە کاریگەریی بەرچاو لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و نرخی زێڕ دەبێت. 
 
ئەگەر ئامارە نوێیەکان، ئاماژە بە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا بدەن، بە ئەگەری زۆرەوە نرخی زێڕ بەرەوە بەرزبوونەوەی زیاتر دەڕوات.