نرخی نەوتی برێنت نزیکبووەوە لە 80 دۆلار


رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان، بەهۆی گرژییە جیۆسیاسییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشتربوونی داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا، بەرزبووەوە.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 20 سەنت بەرزبووەوە و بە 79 دۆلار و 40 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 30 سەنت بەرزبووەوە و بە 77 دۆلار و 18 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
بانکی ئۆسترالیی نیوزلاندی، (ANZ) لە یاداشتێکدا بۆ بازرگانان رایگەیاند، "وەبەرهێنەران چاویان لەسەر رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە."
 
شرۆڤەکارانی ئەو بانکە پێیانوایە ئەگەری تۆڵەکردنەوەی ئێران و حیزبوڵڵا لە ئیسرائیل، بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا.
 
هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێنت بەڕێژەی 3.5٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بەڕێژەی 4٪ بەرزبوونەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە بەپێی وەزارەتی کاری ئەمریکا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە داوای بیمەی بێکارییان کردووە لەو وڵاتە، لە ئاستی هەفتانەدا دابەزیوە و نرخەکانی بەکاربەر لە چین، دووەم گەورە ئابووریی جیهان، بەرزبوونەتەوە، کە پاڵپشتیی زیاتریان بۆ نرخی نەوت دروستکردووە.