حکومەتی تورکیا هاوردەکردنی زێڕ سنووردار دەکات

رووداو ئەنقەرە

بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی بازرگانی، حکومەتی تورکیا بڕیاریداوە بەڕێژەی 20٪ باجی زیاتر بەسەر بەشێک لەو زێڕە بسەپێنێت کە لەلایەن بازرگانانەوە هاوردە دەکرێت، هەروەها هاوردەکردنی زێڕ سنووردار بکات.
 
زەینەب و هاوژینەکەی، بەنیازن لە هەفتەی داهاتوودا ئاهەنگی هاوسەرگیری بۆ کوڕەکەیان بکەن، بۆیە بەمەبەستی کڕینی زێڕ بۆ بووکەکەیان چوونەتە بازاڕێکی ئەنقەرە. ئەوان 80 هەزار لیرەیان لە بانک قەرز کردووە بۆ کڕینی زێڕ؛ ئەو بڕە پارەیە لەمانگی یەکی ئەمساڵدا 68 مسقاڵ زێڕی پێدەهات، بەڵام ئێستا تەنیا 49 مسقاڵی پێ دێت.
 
زەینەب دەڵێ، "ئێمە مانگانە تەنیا مووچەی خانەنشینیمان هەیە، چۆن بە پارەی خانەنشینی زێڕ دەکڕدرێت؟ قەرزمان وەرگرتووە بۆ کڕینی زێڕ. زێڕ کڕین بە قەرز ئاسان نییە."
 
سایم کایە، هاوژینی زەینەبە و باسی ئەوە دەکات، یەک گرام زێڕ بە هەزار و 780 لیرە بۆ هەزار و 770 لیرەیە، دەڵێ "بەخوا سەرمان سوڕماوە، هەندێک جاریش گەیشتووەتە 2800 لیرە، ئێمەش خانەنشینین، نازانین چی بکەین."
 
حکومەتی تورکیا ساڵی رابردوو 265 تۆن زێڕی هاوردە کردبوو، بەڵام بە بڕیارێکی نوێ، حکومەت 20٪ باجی خستووەتە سەر زێڕی هاوردەکراو، هەروەها ئامادەکاریش دەکات بۆ ئەوەی سنوور بۆ زێڕی هاوردەکراو دابنێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهاکەی.  
 
محەممەد کایانارجا، زێڕنگرێکە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، باسی ئەوە دەکات "بەهای زێڕ زۆر زیاد بووە، بەپێی ئاگاداریی ئێمە، زیاتریش دەبێت. هەمووان دەیانەوێت پارەی خۆیان بکەنە زێڕ، چونکە لیرەی تورکی هیچ بەهایەکی نەماوە، کەس باوەڕی بە لیرە نەماوە."
 
بەپێی ئامارەکانی بانکی ناوەندیی تورکیا، لە مانگی یەکی ساڵی رابردوودا بەهای مسقاڵێک زێڕ 780 لیرە بووە، لە مانگی 12ـی هەمان ساڵدا گەیشتە هەزار و 96 لیرە، لە مانگی یەکی ئەمساڵیش گەیشتە هەزار و 161 لیرە و ئێستاش بەرزتریش بووەتەوە بۆ 1640 بۆ 1680 لیرە.
 
سەرتاچ سوسڵوو، هاووڵاتیێکی تورکیایە، دەڵێ "هەرچەندە رەوشی ئێمە باشە و من لە هۆڵەندا لە ئەمستەردام دەژیم، بەهۆی ئەوەی ئاهەنگی بووک گواستنەوەمان هەیە، دەمەوێت زێڕ بکڕم، بەڵام بەهای زێڕ زۆر گران بووە."
 
حکومەتی تورکیا باجی سەر هاوردەکردنی زێڕی بەڕێژەی 20٪ زیادکردووە و ئامانجیێتی یەدەگی زێڕی بانکی ناوەندیی بەهێز بکات. ئەمەش لەکاتێکدایە لەمساڵدا قەبارەی هاوردەکردنی زێڕ لە تورکیا بەڕێژەی 180٪ زیادیکردووە کە بە قەبارەی 19.4 ملیار دۆلار زێڕ هاوردەی تورکیا کراوە.