داهاتی هەفتەیەکی سلێمانی و هەڵەبجە 16 ملیار دینار بووە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ماڵپەڕی شەفافیەت، کە داهاتەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بڵاودەکاتەوە، ئەم هەفتەیە داهاتەکانی ئەو دوو پارێزگایە زیاتر لە 16 ملیار دینار بووە، بەراورد بە هەفتەی رابردوو زیاتر لە یەک ملیار و 500 ملیۆن دینار کەمیکردووە.
بەپێی نیشاندەر و ئامارەکانی ماڵپەڕی شەفافیەت، کە تەرخانکراوە بۆ هەژمارکردن و بڵاوکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، داهاتی ئەم هەفتەیە (6 تاوەکو 12ی تەممووز)، 16 ملیار و 528 ملیۆن دینار بووە.
لە کاتێکدا داهاتەکانی ئەو دوو پارێزگا و دوو ئیدارە سەربەخۆیە لە هەفتەی پێشوودا، واتە لە رۆژانی 29ی حوزەیران تاوەکو 5ی ئەم مانگە، 18 ملیار و 48 ملیۆن دینار بووە. بەو پێیە داهاتەکانی ئەم هەفتەیە بە یەک ملیار و 537 ملیۆن دینار و بە رێژەی 8.5% بەراورد بە هەفتەی پێشوو کەمی کردووە.
داهاتەکانی ئەم هەفتەیە 78% لە رێگەی نەختینە، 5% بە چەک بووە و 18%یشی لە رێگەی مەقاسەوە بەدەستهاتووە.
ئەو داهاتانە، داهاتی گەنجینەکانی یەک، دوو، چەمچەماڵ، گەرمیان، راپەڕین و هەڵەبجە و فەرمانگەکانی 28 وەزارەت و دەستەن. لەوانەش دوو دەستە، 109 بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، 516 بەڕێوەبەرایەتی، 781 فەرمانگە و چوار هۆبە.
داهاتەکانیش بریتین لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، پێبژاردن و سزای دارایی، پشکنینەکان، گومرگ، کرێی کێش و پێوەرەکان، ئۆتۆمبێل، تابلۆ، داهاتی شارەوانییەکان، رسووماتی بەخشین و ژینگە.
رۆژی 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بەگەڕخستنی ئەو ماڵپەڕەی راگەیاند، ماوەیەک بوو یەکێتی بە ناوی "تۆش بیزانە.."ـەوە رێکلامی بۆ دەکرد و ناوی لێنابوو "سیستمی چاودێری و رێکخستنی داهاتی فەرمانگەکان."