ئەنجوومەنی وەزیران: نابینە بەربەست لەبەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت

12-06-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەشێکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت، ئەنجوومەنی وەزیرانیش رایگەیاند "نابینە بەربەست لەبەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان."
 
ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2024) بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
 
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئەنجامی سەردانی ئەم دواییەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران خرایەڕوو.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، لە کۆبوونەوەکەدا "سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، باسی لە رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و وردەکاریی گفتوگۆی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حکومەت و کۆمپانیا نەوتییەکانی کرد."
 
ئامانج رەحیم لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی دا "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانیاندا جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە؛ پێویستە هەرچی زووە رێکار و میکانیزمی چارەسەرکردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دابنرێت، تاوەکو لە نزیکترین دەرفەتدا، لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکرێت، داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمیش بخرێتەوە نێو داهاتی گەنجینەی گشتیی عێراق بۆ خزمەتی خەرجییەکان، هەتاکو چیدیکە زیان بە گەنجینەی گشتیی عێراق و هەرێمیش نەگات."
 
هەروەها رایگەیاند "ئەمە خواستی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکانیشە."
 
ئامانج رەحیم وەک لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە، دەڵێ "لە کۆبوونەوەکانی بەغدا، ئامادەیی حکومەتی هەرێممان دەربڕی بۆ هەر کارئاسانییەک لەم پێناوەدا بە رەچاوکردنی بنەما و دەسەڵاتە دەستوورییەکان و بەرژەوەندیی گشتیی هاوبەش، کۆبوونەوەکانیش لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبن."
 
ئەنجوومەنی وەزیران ستایشی هەوڵەکانی تیمی دانوستانکاری کرد و جەختیشی لەوە کردەوە؛ حکومەتی هەرێم نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و خوازیاری ئەوەیە لە زووترین کاتدا بگەن بە رێککەوتنی کۆتایی.
 
لە دوایین کۆبوونەوەی سێقۆڵیی وەزارەتی نەوتی عێراق، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان لە بەغدا  لێکتێگەیشتن هەبووە بۆ ئەوەی گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەمهێنان بگۆڕدرێت بۆ گرێبەستی هاوبەش لە قازانج؛ وەزارەتی نەوتی عێراق بەڵێنی داوە لە ماوەی 10 ساڵدا بڕی یەک ملیار دۆلار قەرزی کۆمپانیاکان بداتەوە، بەمەش کرێی دەرهێنانی نەوت بە هەشت دۆلار جێگیر دەکەن.
 
عەلی معارج، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق گوتبووی "ئەو گرێبەستانەی لە هەرێمـ[ـی کوردستان] هەن، گرێبەستی هاوبەشە لە بەرهەمهێنان، ئێمە لە حکومەتی فیدراڵی و وەکو وەزارەتی نەوت بەلامانەوە ئەم بابەتە گفتوگۆی لەبارەوە ناکرێت، بەو پێیەی پێچەوانەی دەستوورە. ئەو گرێبەستانەی ئێمە دەیکەین، نزیکە لە گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەمهێنان، ئێمە پێی دەڵێین هاوبەشیکردن لە قازانج؛ بۆیە دەکرێت وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەمواری بکاتەوە و بیگۆڕێت بە گرێبەستی هاوبەشیکردن لە قازانج."

 

هەر بەپێی دوایین لێکتێگەیشتنی هەولێر و بەغدا، کە دوێنێ رووداو ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا کرد "کۆمپانیاکان گرێبەستەکانیان، کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوویانە، رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق کرد."

 
هەناردەی نەوتی کوردستان لە 25-03-2023ـەوە راگیراوە و هێشتا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەکراوەتەوە.
 
پێش ئەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان بە بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس رابگیرێت، رۆژانە 450 هەزار بەرمیل لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەرکرا. ئەوەش 0.5٪ـی هەناردەی نەوتی جیهانی پێکدەهێنا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەشتییەکی نەوتهەڵگری ڤەنزوێلا. وێنە: Reuters

یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە نزیکەی 61 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا نرخی نەوت زیاتر دابەزی بەجۆرێک نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 16 سەنت دابەزی و یەک بەرمیلی بە 61 دۆلار و 12 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.