هەڵاوسان لە ئەمریکا نرخی ئۆنسە و مسقاڵی زێڕی بەرزکردەوە

12-06-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەڵاوسان لە ئەمریکا دابەزی. بەوهۆیەوە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 25 دۆلار و مسقاڵێک زێڕیش 5 هەزار دینار بەرزبوونەوە.
 
وەزارەتی کاری ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە مانگی ئایار هەڵاوسان لەسەر ئاستی ساڵانە 3.3٪ بووە.
 
لە مانگی نیساندا رێژەکە 3.4٪ بوو.
 
هەروەها هەڵاوسانی بنەڕەتیش کە نرخەکانی جگە لە خۆراک و وزە دەگرێتەوە، لە 3.6٪ـەوە بۆ 3.4٪ دابەزیوە.
 
دابەزینی هەڵاوسان کاریگەریی ئەرێنیی راستەوخۆی لەسەر نرخی زێڕ پێشاندا؛ پێش هەواڵەکە ئۆنسەیەک زێڕ بە 2 هەزار و 313 دۆلار بوو. 
 
دوای هەواڵەکە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 25 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 2 هەزار و 340 دۆلار.
 
بەهۆی ئەو بەرزبوونەوەیەش، نرخی مسقاڵێک زێڕ لە هەرێمی کوردستانیش 5 هەزار دینار بەرزبووەوە.
 
ئێستا نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەپێی سەندیکای زێڕینگران بەم شێوەیەیە:
 
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24=555,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=510,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=485,000
مسقاڵێک زێڕعەیار 18=415,000
 
بەیانیی ئەمڕۆ پێش دابەزینی هەڵاوسانی ئەمریکا نرخەکان بەم شێوەیە بوون:
 
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24=550,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=500,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=480,000
مسقاڵێک زێڕعەیار 18=410,000
 
ئەمە هەواڵێکی ئەرێنییە بۆ بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە ئەویش لای خۆیەوە ئەمشەو بڕیار لەبارەی رێژەی سوودەوە دەدات.
 
بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کاژێر 21:00ـی ئەمشەو بڕیارەکەی رادەگەیێنێت. پێشبینییەکان بە ئاراستەی هێشتنەوەی رێژەی سوودن لە 5.5٪.
 
چاوەکان لەسەر کاژێر 21:30 چڕ دەبنەوە کاتێک جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا نوێترین پێشبینییەکان لەبارەی ئابووری ئەمریکا دەخاتەڕوو. باس لە سیاسەتی نەختینەیی وڵاتەکەشی دەکات.
 
هەر ئاماژەیەک بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود، کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر بازاڕەکان دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە