عێراق هەناردەی نەوتی بۆ ئوردن راگرت
رووداو دیجیتاڵ
ماوەی سێ هەفتە دەبێت هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئوردن راگیراوە؛ وەزارەتی وزە و سامانەکانی کانزایی ئوردن هۆکاری راگرتنی ناردنی نەوت لەلایەن عێراقەوە بۆ ئەو وڵاتە ئاشکرا دەکات و داوای درێژکردنەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان دەکات.
وەزارەتەکەی ئوردن لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای دەکات، راگرتنی هاوردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئەو وڵاتە بەهۆی کۆتاییهاتنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵاتە کە لە 4ی ئایاری 2023 واژۆ کراوە.
ئیمان عەواد، بەڕێوەبەری نەوت و گازی سرووشتیی وەزارەتەکەی ئوردن، گوتوویەتی، "وەزارەتی وزە نووسراوی بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە، داوایلێکردووە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە و بە هەمان مەرجەکانی گرێبەستکردن بەردەوام بێت، لە رۆژی 4ی ئەم مانگەشەوە هەژمار بکرێت تاوەکو ئەو کاتەی یاداشتێکی دیکە واژۆ دەکرێتەوە."
هەروەها ئەوەشی ئاشکرا کردووە، وەزارەتەکەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و باڵیۆزخانەی ئوردن لە بەغدا کار بۆ درێژکردنەوەی یاداشتەکە دەکەن.
ئەو نەوتەی عێراق بە نرخێکی کەمتر لە بەهای رۆژانەی نەوت بۆ ئوردن رەوانەی دەکات، نزیکەی 7%ی کۆی پێداویستییەکانی ئوردن پڕدەکاتەوە، وەکو وەزارەتەکەی ئوردن روونیکردووەتەوە. لەبارەی رێککەوتنی نوێ، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی وزەی ئوردن، روونیکردووەتەوە، "کاتێک ئەگەر گرێبەستەکە کۆتایی پێهات، ئەوا یاداشتێکی نوێ واژۆ دەکرێت."
لە ساڵانی 1980 تاوەکو ساڵی 1990، عێراق رۆژانە بڕێک لە نەوتەکەی بەبێ بەرامبەر دەدایە ئوردن، دواتر بە بەهای 15 دۆلار کەمتر لە بەهای جیهانیی نەوت، رۆژانە بڕی 30 هەزار بەرمیل دەدرایە ئوردن، لە پاش ساڵی 2003شەوە ئەو داشکاندنە بۆ ئوردن کرایە 15%، لە ساڵی 2021 رێککەوتنی نوێ کرایەوە کە رۆژانە عێراق بڕی 10 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ئوردن بە کەمتر لە 16 دۆلار لە بەهای جیهانی بنێرێت، لە سەرەتای ئەم ساڵیشەوە هەناردەی نەوت بۆ ئوردن کە بەشێکی لە کێڵگەکانی کەرکووکەوەیە زیادیکرد و گەیشتە 15 هەزار بەرمیل.