چینییەکان براوەی گەڕی پێنج پڵەس و شەشەمی مۆڵەتەکانی نەوت و گازی عێراق بوون

12-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕی پێنج پڵەس و شەشەمی مۆڵەتەکانی نەوت و گاز لە عێراق، پشکی شێری گرێبەستەکان بۆ کۆمپانیا چینییەکان بووە، لە کۆی 9 کێڵگە مۆڵەتی حەوت کێڵگەیان بردەوە، دوو مۆڵەتەکەی دیکەش بۆ کار گرووپ بوو.
 
گرووپی یونایتد ئینێرجیی چینی، کێڵگەی فاوی لە پارێزگای بەسرا بەدەستهێناوە، کۆمپانیای چینوا پەرەپێدانی کێڵگەی قەڕنەین لەسەر سنووری عێراق و سعودیەی بەدەستهێناوە، کۆمپانیای جیۆجیدی چینی گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی زرباتییەی لە پارێزگای واست بەدەستهێناوە. گرووپی چونگمان گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی رۆژهەڵاتی بەغدا-درێژبووەوەکانی باکوور و کێڵگەی فوراتی ناوەڕاستی بەدەستهێناوە، کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا.
 
نەبیل مەرسوومی، شارەزای وزە لەبارەی هەژموونی چینییەکانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەژموونەکە روونە، واتە چین کارپێکەری سەرەکییە لە 13 کێڵگەی نەوت و گازی عێراق."
 
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق پێیوایە، هەژموونی چینییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کۆمپانیا چینییەکان ئەزموونی زیاتریان لەو ناوچانەدا هەیە. زورغام مالیکی بە (رووداو)ی گوت: "چینییەکان پێشتر کاریان لە بەشێک لەو ناوچانەدا کردووە، جگە لەوەی پێشتر کاری باشیان لەو کێڵگانەدا کردووە و حکومەتی عێراق ئەزموونی باشی لەگەڵیاندا هەیە."
 
رۆژی شەممە، 11ـی ئایاری 2024، بە بەشداریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا رێوڕەسمی دەستپێکردنی گەڕی تەواوکردنی مۆڵەتی تەواوکاریی پێنجەم و گەڕی شەشەم بۆ وەبەرهێنان لە 29 کێڵگە و شوێنی دۆزینەوەی نەوتی و گازی بەڕێوەچوو. پرۆسەکە سێ رۆژ دەخایێنێت.
 
ئەمە یەکەم جارە لە دوای ساڵی 2018 عێراق گەڕێکی دیکە لە گرێبەستە نەوتی گازییەکانی رادەگەیێنێت.
 
کار گرووپ دوو گرێبەستی بردەوە
 
لە رۆژی یەکەمی راگەیاندنی گرێبەستەکاندا، کۆمپانیای کار گرووپ کە کۆمپانیایەکی هەرێمی کوردستانە، دوو بلۆکی پێبەخشرا.
 
پێدانی گرێبەستەکان بە کۆمپانیا نەوتییەکان بەپێی ئەوەیە کە چ کۆمپانیایەک کەمترین قازانج بۆ پەرەپێدانی بلۆکە نەوتییەکان پێشنیاز بکات.
 
لەم گەڕە نوێیەدا 22 کۆمپانیای نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بەشدارن کە تەنیا کۆمپانیای کارگرووپ وەک کۆمپانیایەکی ناوخۆیی عێراق بە گونجاو زانراوە کە بەشداریی گەڕی پێنج پڵەس و شەشەمی گرێبەستەکاندا بکات.
 
کۆمپانیای کار گرووپ گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی (دیمە)ی لە پارێزگای میسان و کێڵگە (ساسان) و کێڵگەی ( عەلان)ی بردەوە کە نەوت و گازیان تێدایە.
 
بڕیارە ئەمڕۆ 10 بلۆک و کێڵگەی دیکە و سبەیش 10 بلۆکی دیکە لە چوارچێوەی خولی پێنج پڵەس و خولی شەشەمی گرێبەستە نەوتییەکانی عێراق بەڕێوەبچێت.
 
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە کاتی راگەیاندنی گرێبەستەکاندا رایگەیاند، هیوادارن بتوانن قەبارەی یەدەکی نەوتی عێراق لەڕێگەی ئەو گرێبەستانەوە بەرزبکەنەوە بۆ 160 ملیار بەرمیل.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەوەندەر

کشتوکاڵی ورمێ: یەک ملیۆن و 240 هەزار تۆن چەوەندەر لە جووتیاران كڕدراوە

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئەم ساڵ نزیکەی یەک ملیۆن و 240 هەزار تۆن چەوەندەری بەرهەمهێندراوی پارێزگاکە لەلایەن کارگەکانی قەند و شەکرەوە کڕدراوە