نرخی نەوت و زێڕ بەردەوامە لە دابەزین

رووداو دیجیتاڵ

لە کۆتا رۆژی مامەڵەکاندا نرخی نەوت درێژەی بە دابەزینەکانی دا و بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ خوار 75 دۆلار دابەزی، بەوەش نزیکە لەوەی بۆ چوارەمین هەفتەی لەسەریەک بە دابەزین کۆتایی بە مامەڵەکانی هەفتە بهێنێت.
 
رۆژی هەینی، 12-05-2023 نرخی نەوتی برێنت 48 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 74 دۆلار و 49 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. 
بەرمیلێک نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 45 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 70 دۆلار و 41 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
دابەزینی نرخی نەوت پەیوەستە بە نوێبوونەوەی نیگەرانییە ئابوورییەکان لە ئەمریکا و چین، کە ترسی کەمبوونەوەی خواستیان لەسەر نەوت لە دوو گەورەترین بەکاربەری نەوتی جیهان، دروستکردووە.
 
تائێستا لەم هەفتەیەدا، نرخی نەوت نزیکەی 1٪ دابەزیوە، ئەگەر ئەمڕۆش لە دابەزین بەردەوام بێت و بە دابەزین کۆتایی بە مامەڵەکانی بێت، دەبێتە درێژترین ماوەی دابەزینی هەفتانەی لەسەریەک لە دوای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2021ـەوە.
 
لە ئەمریکا گفتوگۆکان لەبارەی بەرزکردنەوەی سنووری قەرزەکان تائێستا بێ ئەنجام بوون، ترس لە دروستبوونی قەیرانێکی بانکیی هەرێمی سەریهەڵداوەتەوە، بۆیە تادێت نیگەرانییەکان لەبارەی تووشبوونی ئەمریکا بە سستیی ئابووریی زیاد دەبن.
 
لە چینیش کەمبوونەوەی پێدانی قەرزی نوێ بە شوێنە بازرگانییەکان و لاوازی ئامارە ئابوورییەکان گومانی لەبارەی بووژانەوەی ئەو وڵاتە دروستکردووە و بازاڕەکان دڵنیانین هەڵگرتنی رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ خواست لەسەر نەوت زیادبکات.
 
نرخی زێڕ دابەزی
 
هاوشێوەی نرخی نەوت، رۆژی هەینی نرخی زێڕیش درێژەی بە دابەزینەکانی دا و هەر ئۆنسەیەک چوار دۆلاری دیکە دابەزی.
 
هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ ئەوەیە کە بازاڕەکان پێداچوونەوە بە پێشبینییەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە دەکەن، ئەوەش بەهۆی هەڵاوسانی ئەمریکاوە کە لە مانگی نیساندا 4.9٪ بوو، بەوەش کەمتر لە ئاستی پێشبینییەکان دابەزیوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کۆمەڵێک ئاماژەی لاوازی ئابووری لە ئەمریکا و چینی یەکەم و دووەم گەورەترین زلهێزانی ئابووریی جیهان سەریانهەڵداوە، بەڵام هێشتا نرخی زێڕ لە سەروو دوو هەزار دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
رۆژی هەینی، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکاندا نرخی زێڕ 3.57 دۆلار دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بۆ مامەڵەکانی داهاتوو بە 2011 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
هەفتەی رابردوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی 0.25٪ـی دیکە بەرزکردەوە و ئاماژەی ئەوەی دا کە رەنگە چیدیکە رێژەکە بەرزنەکەنەوە، بەڵام دواتر وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی نیساندا هەڵاوسان لە ئەمریکا لەسەر ئاستی ساڵانە تەنیا 0.1٪ و بۆ 4.9٪ دابەزیوە، ئەوەش کەمترە لە ئاستی پێشبینییەکان و ترسی دووبارە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکیی دروستکردووە.