گومرگی سنە: لە ساڵێکدا هەناردەمان 831 ملیۆن دۆلار بووە

12-04-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا هەناردەی کەلوپەل لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە گەیشتووەتە 831 ملیۆن دۆلار.
 
فەرامەرز ئومێدی، بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای سنە رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، لە ساڵێکدا زیاتر لە یەک ملیۆن و 594 هەزار تۆن شتومەک کە بایی زیاتر لە 831 ملیۆن دۆلار بووە، لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە هەناردە کراوە.
 
ئومێدی گوتی، هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە بەراورد بە پار لە رووی کێشەوە 12٪ و لە رووی نرخیشەوە 17٪ زیادیکردووە.
 
گوتیشی، ئەو کەلوپەلانەی کە هەناردە کراون بریتین لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەرهەمە پلاستیکییەکان، ئاسن، بەرد، کاشی، سیرامیک، شووشە، مافوور و بەرهەمە شیرەمەنییەکان. 
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ئەو کەلوپەلانە هەناردەی عێراق (بە هەرێمی کوردستانیشەوە)، سووریا، ئەفغانستان، ئیمارات، رووسیا، تورکیا، ئازەربایجان، پاکستان، جۆرجیا و کوێت کراون.
 
زیاترین هەناردەش لە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخی مەریوان بووە، دواتریش دەروازەی سنووریی سەیرانبەنی بانە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی 12ی شوباتی 2024، بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای سنە لەبارەی ئاماری هەناردە و هاوردە لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە رایگەیاندبوو، لە 10 مانگی رابڕدوودا زیاتر لە یەک ملیۆن و 341 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە 678 ملیۆن دۆلار هەناردە کراوە، هەروەها 90 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە 587 ملیۆن دۆلاریش هاوردەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کراوە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە