بەپێی ماڵپەڕی شەفافیەت داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی کەمتر لە یەک ملیار دینار بووە

رووداو دیجیتاڵ 

داهاتەکانی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کەمتر لە یەک ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا هەفتەی رابردوو زیاتر لە 31 ملیار دینار بووە.
 
بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ژمارەکانی ماڵپەڕی شەفافیەت، کە تایبەتە بە خستنەڕووی داهاتەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، دەردەکەوێت لەم هەفتەیەدا (6 تاوەکو 12ـی نیسانی 2024) داهاتەکانی ئەو دوو پارێزگایە بە هەردوو ئیدارە سەربەخۆکەشەوە تەنیا 849 ملیۆن و 422 هەزار دینار بووە.
 
هەر بەپێی ئەو ماڵپەڕە داهاتەکانی هەفتەی رابردوو، واتە 30ـی ئادار تاوەکو 5ـی نیسان، 31 ملیار و 627 ملیۆن و 544 هەزار دینار بووە. بەو پێیە بەراورد بە هەفتەی رابردوو، داهاتەکانی ئەم هەفتەیە زیاتر لە 97% کەمیکردووە.
 
کەمبوونەوەی داهاتەکانی ئەم هەفتەیە، بەشێکی پەیوەندی بە راگرتنی جموجۆڵی بازرگانی هەبووە لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی رەمەزان، جگە لەوەش سێ رۆژ پشووی فەرمانگەکان بووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا بەگەڕخستنی ئەو ماڵپەڕەی راگەیاند، کە ماوەیەکی زۆر میدیای یەکێتی بە ناوی "تۆش بیزانە.."ـەوە رێکلامی بۆ دەکرد.
 
قوباد تاڵەبانی لەبارەی پڕۆژەکەوە لە پەیجی خۆی نووسی، "لە رێگەی ماڵپەری shafafiat.com ـەوە، رۆژانە و سات بە سات سەرجەم داهاتی نانەوتیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بە وردەکارییەوە دەخرێتە بەرچاوی هەموو هاووڵاتییان."