نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە 2400 دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و هەر ئۆنسەیەک گەیشتە 2400 دۆلار.
رۆژی هەینی، 12-04-2024 نرخی زێڕ 23 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 2400 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
پێشتر لەکاتی کرانەوەی بازاڕدا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ ئاستی 2394 دۆلاریشی تۆمارکردبوو، کە یەکەمجارە لە مێژوودا بگاتە ئەو ئاستە.
گرژییە جیۆسیاسییەکان و کڕینی زۆری زێڕ لە لایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهانەوە، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخەکەیەتی.
لوکا سانتۆس، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای ACYـی تایبەت بە بازاڕە داراییەکان دەڵێت، "هۆکارێکی سەرەکیی کە وایکردووە بانکە ناوەندییەکان زێڕ بکڕن، ئەو شەڕانەیە کە لە جیهاندا هەن. ئەگەر سەیری مێژووش بکەین، ئەمە هەمیشە روویداوە، چونکە زێڕ پەناگەیەکی ئارامە."
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەکاتێکدایە، داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا لە بەرژەوەندیی دۆلار و دژی زێڕن؛ هەلی کار زیادبووە و رۆژی چوارشەممەش 10-4-2024، وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا هەڵاوسان لە 3.2%ـەوە گەیشتووەتە 3.5%.
بەرزبوونەوەی هەڵاوسان ئەگەری هێشتنەوەی سوودی بانکی بۆ ماوەیەکی زیاتر لە ئاستێکی بەزردا زیاد دەکات.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تائێستا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 330 دۆلار بەرزبووەتەوە.
ئەمریکا دەیەوێت هەڵاوسان بۆ 2% دابەزێنێت، ئەو کاتە دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بکات. بۆیە دابەزینی هەڵاوسان پێشبینییەکان بۆ دەستکردن بە کەمکردنەوەی رێژەکە زیاتر دەکات و بە پێچەوانەشەوە.
بەو پێیەی کەمکردنەوەی سوودی بانکی کاریگەریی نەرێنی لەسەر نرخی دۆلار دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبکاتەوە.