لایەنە پەیوەندیدارەکان: زۆربەی پاڵاوگە نایاساییەکان داخراون

12-04-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە ساڵی 2015دا 182 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکران؛ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن، ئێستا زۆربەیان داخراون یان کار ناکەن.     
 
بەگوێرەی لیستێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2015 لە سنووری هەولێر 116 پاڵاوگەی نایاسایی هەبووە. قایمقامی هەولێر دەڵێت، ئەو پاڵاوگانە دوای رێکارەکان زۆرینەیان داخران.
 
رۆژی چوارشەممە 12ـی نیسانی 2023، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆرینەی پاڵاوگەکان داخراون؛ هەندێکیان ماون کە ئەوانیش زۆرینەیان لە کار وەستاون؛ ئەوەی ئێستا کار دەکات 3 بۆ 4 پاڵاوگەیە و ئەوانیش لە دەرەوەی سنووری ناوەندی قەزای هەولێرن." 
 
لە سلێمانی، بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاکان، 26 پاڵاوگەی نایاسایی هەبوون، بەڵام سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، لەو ژمارەیە 24 پاڵاوگە ناویان تۆمارکراوە کە کاریان کردووە.
 
کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "24 پاڵاوگە لە سنووری سلێمانی هەن؛ بەشێکیان کارناکەن، بەڵام لە شوێنی خۆیان ماون و لانەبراون، بەشەکەی دیکەیان بە شەوانی درەنگ کار دەکەن." 
 
هاوکات سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر شوێنێک پاڵاوگە بێت یان بەنزینخانە، ئەگەر مۆڵەتی فەرمی نەبێت، ئێمە هیچ مامەڵەیەکی لەگەڵ ناکەین." 
 
40 پاڵاوگەی نایاسایی لە دهۆک هەبوون، بەڵام دوای پێکهێنانی لیژنە لەسەریان بەشی زۆرینەیان داخراون و ئێستا 12 پاڵاوگەیان ماون. موحسین تەها، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە ناچین بۆ پشکنین بۆ ئەو پاڵاوگانە، چونکە کە ئێمە بە فەرمی سەردانیان بکەین کەواتە دەبنە پاڵاوگەی یاسایی." 
 
لە دهۆک هەندێک لەو پاڵاوگانە زەوییان بۆ دروستکردنی کارگەی بلۆک وەرگرتووە، دواتر پاڵاوگەیان لەسەر دامەزرێندراوە. بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک دەڵێت، لێپرسینەوە لەو پاڵاوگانە کاری ئەوان نییە و کاری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
 
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی لە پارێزگای سلێمانی، بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لابردنی تەواوی پاڵاوگە نایاساییەکان هەیە، بەڵام "نازاندرێت" بۆ تاوەکو ئێستا لانەبراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە