چاودێریی بازرگانیی سلێمانی: 8 نان دەکرێتەوە هەزار دینار


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، "بەراورد بە رابردوو، نرخی ئارد دابەزیوە و ئەمڕۆ بڕیار لەسەر نرخی نان دەدەین و وەک پێشتر 8 نان دەکەینەوە هەزار دینار."
 
سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لە چاودێریی بازرگانیی سلێمانی لەگەڵ نوێنەری نانەواخانە و سەموونخانەکان کۆدەبینەوە و بڕیار دەدەین 8 نان بە کێشی 100 بۆ 110 گرام بدرێت بە هەزار دینار."
 
لەبارەی کێشی نانەوە، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، " ئێستا 6 نان بە کێشی 100 بۆ 105 گرام دەدرێت بە هەزار دینار و هەندێک لە نانەواخانەکان 8 نان بە کێشی 80 بۆ 85 گرام دەدەن بە هەزار دینار، بەڵام لەمەودوا 8 نان بە کێشی 110 گرام دەدرێت بە هەزار دینار." 
 
سۆران عەبدولغەفوور گوتیشی، " بەراورد بە ماوەی رابردوو، نرخی ئارد هەرزان بووە بە جۆرێک نرخی فەردەیەک ئاردی تورکی لە 51 هەزارەوە بۆ 39 هەزار دابەزیوە و ئاردی رووسی لە 43 هەزارەوە بووە بە 34 هەزار دینار و فەردەیەک ئاری بەشەخۆراکیش لە 33 هەزار دینارەوە بووە بە 23 هەزار دینار."
 
لەبارەی نزیکبوونەوەی جەژن و چاودێریکردنی بازاڕ، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی گوتی، "هەر شوێنێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت و قۆرخکاری بکات، سزادەدرێت."
 
لە مانگی رەمەزانیشدا 60 پسووڵەی سەرپێچی کراوە و بە گوتەی سۆران عەبدولغەفوور، "لەماوەی مانگی رەمەزاندا تەنیا یەک شوێن بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکانەوە بۆ ماوەی 5 رۆژ داخراوە."