راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق: بەهای 100 دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ 135 هەزار


رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەم دۆخەی ئێستای بازاڕی دراو کاتییە و لە نزیک مەودادا بەهای دینار دەگاتە خانەی 135 بۆ 136 هەزار بەرامبەر بە 100 دۆلار؛ بەڵام دەڵێت، قورسە ئەو مەودا نزیکە لە مانگێکدا بێت. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، "هیچ مەترسیەک نەماوە بەهای دینار دابەزیتەوە بۆ نزیکەی 160 هەزار."
 
د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە ئەمڕۆ چوارشەممە پەخشکرا، رایگەیاند، رۆژانە فرۆشی بانکی ناوەندیی لە 200 ملیۆن دۆلار زیاترە و بانکی ناوەندیی بەوشێوەیە دۆلار بخاتەڕوو، بازاڕ سەقامگیر دەبێت.

 

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. مەزهەر محەممەد ساڵح
 
رووداو: خۆشحاڵم دووبارە گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێزتان دەکەمەوە. سیاسەتەکان و پاکێجەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ ئایا ئەنجامەکانی ئەرێنی بوون یان نەرێنی؟ لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا بوون؟ 
 
د. مەزهەر محەممەد ساڵح: لە راستیدا پێم وایە بابەتێکی میحوەری لەم بابەتەدا هەیە. بەڕێزتان دەزانن من فەرمانبەرێکی کۆن بووم لە بانکی ناوەندیی عێراق، هەر لە 1976ـەوە لەم بانکە کارم کردووە و هەمیشە بەدواداچوونی کارەکانیان دەکەم. بانکی ناوەندی دامەزراوەیە؛ یەکێکە لە دامەزراوە زۆر نایابەکانی عێراق و توانیویەتی دامەزراوەیی خۆی بپارێزێت. لە قۆناخەکانی رابردوودا رووبەڕووی ئاڵنگاریی و دۆخی زۆر قورس بووەوە و لە سەردەمی حکومەتەکانی عێراقدا گوشاری زۆری لەسەر دروستبوو، بەڵام بەهۆی ئەو سەربەخۆییەی هەیەتی و هەروەها بەهۆی ئەوەی کە خاوەن فەرمانبەری زۆر بەتوانا و شارەزایە، کار و چالاکییەکانی زۆر نایاب بوون. پێم وایە کاردانەوە و ئەنجامی کار و چالاکییەکانی لە سەختترین دۆخدا باشترین بوون. لەسەر ئاستی عێراقیش تاکە دامەزراوەی نیشتمانییە توانای رووبەڕووبوونەوەی سەختترین قەیرانەکانی هەبێت. پێم وایە تاکە دامەزراوەیە لە یەک کاتدا توانای رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و چارەسەرکردنیشیانی هەیە. ئەم تایبەتمەندییە زۆر نایابە لە بەشێکی زۆر کەمی دامەزراوەکانی عێراقدا دەبینرێت. بۆیە پێم وایە دامەزراوەیەکی سەرکەوتووە، کاری زۆر باشە و توانا و بەڕێوەبردنی ژیرانەی هەیە، بەتایبەتی لە بابەتی سەقامگیرکردنی دارایی و نەختینەیی و جموجووڵی نەختینەییدا. ئەو دامەزراوەیە لە بنەمادا دامەزراوەی سەقامگیرییە لە عێراق. بانکی ناوەندیی دوو ئەرکی سەرەکی هەیە؛ دەرکردنی دراوی نیشتمانی و پاراستنی سەقامگیربوونی. لەمێژووی خۆیشیدا رۆڵێکی زۆر باڵای لەم دوو بوارەدا هەبووە.

رووداو: ئێستا دۆخی دارایی عێراق لە خراپترین ئاستیدایە لە جێگیرییدا. بانکی ناوەندی تا چەند توانیویەتی جێگیری بۆ بازاڕی دراو بگەڕێنێتەوە؟ 

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: لە راستیدا ئەو کرانەوە هەنووکەییەی ئێستا بەدی دەکرێت، کێشەیەک هەبووە یان با بڵێین رووبەڕووی کێشەیەکی کردووەتەوە کە بریتی بووە لە کێشەی گۆڕانی بەهای دیناری عێراقی. ئەمە کێشەیەکی ئابووری نییە، هەروەها کێشەی بەڕێوەبردنی قەیران نییە لەنێو بانکی ناوەندیی عێراقدا، بەڵکو کێشەی پابەندبوونێکی نێودەوڵەتییە. لە راستیدا پابەندییەکی زۆر فراوانی نێودەوڵەتی هەیە لەبارەی حەواڵە جیهانییەکان کە 80٪ی خواست لەسەر دراوی بیانی پێکدەهێنێت. لە راستیدا ئەم داواکاری و خواستەش کارێکی ئاسان نییە. ساڵانە نزیکەی 45 ملیار دۆلارە کە بریتییە لە پارەدارکردنی بازرگانیی دەرەکی بۆ کەرتی تایبەت. بۆیە ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە تاوەکو دەستوەردانی بۆ بکرێت. بۆیە کاتێک پرۆسەی مەرجدارکردن لە دەرەوەی وڵات دێتە ئاراوە و لایەنێک دەیەوێت بەدواداچوون بۆ مامەڵەکان بکات، کێشەیەکی وەها سەرهەڵدەدات؛ بەڵام با ئەمەش بە روونی بڵێم، بانکی ناوەندیی دوای هەوڵ و شەونخونییەکی زۆر لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا تاوەکو ئەمڕۆ توانی هەناسەیەک بۆ ئابووریی عێراق بگەڕێنێتەوە و بەها بۆ دیناری عێراق بگەڕێنێتەوە. بەڕێزتان ئاگادارن، بەهای دراوی بیانی بەرامبەر دینار روو لە پاشەکشە دەکات و دۆلار بەئاراستەی دابەزین هەنگاو دەنێت و بازاڕەکان بۆ بەرژەوەندیی دینار دەکاتەوە. ئیدی ئێوەش هەستتان پێکردووە کە ئاماژەی ئەرێنی هەن و دۆخەکە بەرەو باشبوون دەچێت و بەهێزی دینار پیشان دەدات. ئەم بابەتە خۆڕسک نییە و ئۆتۆماتیکیش نییە، بەڵکو دەرەنجامی هەوڵێکی یەکجار زۆرەوە هاتووەتە ئاراوە. 

رووداو: چەند مانگێک لەمەوبەر پێکەوە گفتوگۆمان کرد و پێشبینیت کرد کە سێ مانگی دەوێت بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە. ئیدی پێشبینییەکەت تەواو دەردەچێت. ئێستا پێشبینی دەکەیت بەم زووانە بەهای 100 دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی چی لێبێت؟ 

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە. لێرەدا دوو بابەتی گرنگ هەن؛ یەکەمیان، وەک دەزانن دەستوەردانی بانکی ناوەندیی بۆ بازاڕەکان و کۆنترۆڵکردنی بۆ سەرچاوەکانی نەختینەی تاکلایەنە پێی دەگوترێت خاوێنکردنەوە. ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی دەستیکردووە بە خاوێنکردنەوە لەسەر ئاستێکی زۆر باش کە رۆژانە ئاستی پارەدارکردنەکە دەگاتە زیاتر لە 280 ملیار دۆلار کە دەکاتە نزیکەی چارەکێک ترلیۆن. ئەمە کۆنترۆڵکردنی زۆر گەورەیە بۆ سەر جموجووڵی نەختینە، ئەمەش لە ئەنجامی هەڵکەوتەی حەواڵەکانەوە دەکرێت بۆ دراوی بیانی. ئەم سیاسەتە واتە سیاسەتی دەستوەردان، سیاسەتێکی زۆر بەهێزە و بەدەمەوەهاتنی بانکەکانی لێدەکەوێتەوە. لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا تا مانگێک پێش ئێستا، 80٪ی مامەڵەکان بۆ دراوی نێودەوڵەتی رەتدەکرانەوە. ئەمڕۆ پەسند دەکرێن و بانکەکانی عێراقیش خۆیان بۆ پێداویستییەکانی مەرجە نێودەوڵەتییەکان راهێناوە. هەربۆیە دەزانن سوودمەندی کۆتایی کێ دەبێت. بەرێزتان دەزانن عێراق زۆنێکی دۆلارییە، پارەدارکردنی بازرگانی دەرەکیش هەر بەدۆلارە. دەرەنجام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت لەوە دڵنیابێتەوە کە دراوەکەی لە بەرژەوەندیی نیشتمانیدا بەکاردەهێندرێت و زیانەکانیش هەر خودی ئەمریکا دایدەڕێژێت، چونکە دراوەکەی نابێت پێچەوانەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەکاربهێندرێت. ئێمەش دەبێ رێز لەم بابەتە بگرین و هاوکات بایەخ بە ئابووری عێراق دەدەین. هەردوو لایەن لەم قۆناخەدا لەسەر ئەم پرسە کۆکن. حەواڵەکردن ئێستا بەشێوەیەکی زۆر رێکوپێک و بەپێی مەرجە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت. هەردوولا کار دەکەن بۆ دەستنیشانکردنی سوودمەندی کۆتایی بۆ پارەدارکردنی بازرگانییەکە. ئەمڕۆ فرۆشی بانکی ناوەندیی زیاترە لە 200 ملیۆن دۆلار کە بەرزترین ئاستییەتی. هەروەها بەردەوامیدان بەم گوژمەیە دوای چەندین هەفتە ئاماژەیە بۆ داکشانی بەهای دۆلار لەنێو بازاڕی خۆماڵیدا. 

رووداو: پێشبینی دەکەیت بەم زووانە بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی زیاتر دابەزێت؟ ئەگەری هەیە بەهاکەی بۆ 135 هەزار دینار دابەزێت؟ کەی دەگات؟ 

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: منیش هەمان پێشبینیم هەیە. لە راستیدا توێژینەوە زانستییەکان پێمان دەڵێن کە ئەگەر جیاوازی نێوان بەها و نرخی بانکی ناوەندی لەگەڵ بەها و نرخی بازاڕ دوو خاڵ بێت، ئەمە هاوتەریب و گونجاوە، کە ئەم جیاوازییە بۆ بەهای عمولە و رێژەی ئاڵوگۆڕ دەگەڕێتەوە. بۆیە پێشبینی کەسیی خۆم ئەوەیە بەخێرایی تا خانەی سییەکان دابەزێت. هۆکاری ئەمەش بۆ توانای حەواڵەکردن دەگەڕێتەوە؛ ئێوەش دەزانن توانای حەواڵەکردن و خواست لەسەر حەواڵەکردن بەرێژەی 80٪ بۆ دۆلار دەگەڕێتەوە، واتە بەڕێژەیەکی زۆر حەواڵەکردن بە دۆلار دەبێت. ئەمەش رێژەیەکی یەکجار زۆر گەورەیە و کارێکی ئاسان نییە بۆ کۆنترۆڵکردنی رێڕەوی جموجووڵی نەختینە. ئێستا دینار شتێکی ناوازەیە، نەک دۆلار و ئەمەش دیوێکی دیکەی ئامانجەکانی ئابوورییە کە بانکی ناوەندی دەیپێکێت. نامەوێ کاتێکی دیاریکراو بدرکێنم، بەڵام لە رۆژانی داهاتوودا ئاستی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلار دەگەڕێتەوە خانەی 135-136 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک. ئیدی نزیک دەبێتەوە بۆ ئاستی دوو خاڵەکە کە باسم کرد و پێشبینی ئەوەش دەکەین. 

رووداو: دەتوانین بڵێین لە ماوەی یەک مانگی داهاتوودا، ئێمە لە عێراق دەبینین کە بەهای 100 دۆلار بە 135 هەزار دینار بکرێت. دەتوانین پێشبینی لەو جۆرە بکەین؟ 

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: سەختە وادەیەکی بەمشێوەیە راشکاوانە ئاماژەی بۆ بکەیت. لە دیمانەیەکدا کەسێک داوای لێکردم تەنانەت رۆژی بۆ دیاری بکەم، کام رۆژی هەفتە دەگاتە ئەم ئاستە. لە راستیدا شتی وا ناکرێت، بەڵام خوێندنەوەکان و شیمانەکانمان بۆ قۆناخی داهاتوو بۆ چەند هەفتەی داهاتوو رەنگە بگەینە ئەو ئاستە یان نزیک لەو ئاستە. پێم وایە، کە دەڵێم پێم وایە، ئەمە پێشبینی کەسیی خۆمە لە راستیدا، چونکە بەگوێرەی خوێندنەوەم بۆ بازاڕی دراوی عێراق و خوێندنەوەم بۆ سیاسەتی دەستوەردانی بانکی ناوەندیی بۆ بازاڕە داراییەکان و لە رێگەی خوێندنەوەشم بۆ پەنجەرەی دراوە بیانییەکان و بەدەمەچوونی بانکەکان و خۆگونجاندنیان بە مەرجە نێودەوڵەتییەکان، سەرجەم ئەم خوێندنەوانە ئاماژەن بۆ بەرژەوەندیی دیناری عێراقی و داشکانی دۆلاری ئەمریکی. 

رووداو: هیچ مەترسیی نەماوە کە 100 دۆلار بگاتەوە 155 هەزار، 160-165 هەزار دینار؟ بەهیچ شێوەیەک ئەم جۆرە پێشبینییانە نەکەین؟ 

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: نەخێر، پێم وانییە؛ پێم وانییە. تاکە هۆکارێک هەیە بۆ ئەمە کە یەدەگی دراوی بیانیی عێراق لە بەرزترین ئاستیدایە لە مێژووی دارایی عێراق کە لە سنووری 115 کەمێک زیاتر، کەمێک کەمتر؛ بە هەرحاڵ بەرزترین ئاستە. ئەمەش دوو ئاراستەیە. یەکەمیان ئەم یەدەگە تا چەند توانای پاراستنی مانگانەی بازرگانییەکانی عێراقی هەیە. نۆرم و ستاندەردیی جیهانی باس لە سێ مانگ دەکەن، کەچی توانای عێراق ئێستا زیاترە لە 20 مانگ بۆ پاراستنی چالاکییە بازرگانییەکان. هەروەها تا چەند دراوە هەناردەکراوەکان رووماڵ دەکات؟ لانیکەم هێندە و نیوی دەپۆشێت کە دەکاتە 150٪ و بەمەش دیناری عێراقی لە ئاستی پێویستی خۆی بە زیاتریشەوە پارێزراو و تێرکراوە. سەرجەم حەواڵەکان بەدۆلار ناکرێن؛ بەشێکی زۆری حەواڵە نێوخۆییەکانی عێراق بە دینار دەکرێن. پێم وایە ئێستا دۆخەکە زۆر ئارامە و مەترسی لەئارادانییە و بەهای دینار بەرامبەر دۆلاریش جێگیردەبێت و ناسەقامگیریی روونادات. ئەمڕۆ دۆلار دابەزی؛ سبەی بەرز بووەوە؛ سیاسەتی بانکی ناوەندیی سیاسەتێکی سەقامگیر و جێگیرە. 

رووداو: باسی دینارت کرد؛ قسەیەکی زۆر باو هەیە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، بەوەی کە عێراق کێشەی دیناری هەیە. کێشەی کاشی هەیە. ئەم قسەیە تا چەند راستە؟

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: لە راستیدا ئەمە گریمانە بوو. بەڕێزتان دەزانن بانکی ناوەندیی بۆ هەموو ئەگەر و گریمانەیەک سیناریۆی خۆی دەبێت بۆ بەردەستکردن و فەراهەمکردنی دیناری عێراقی، وەک گوتم ئەرکی بانکی ناوەندی دەرکردنی دراوی نیشتمانی و پاراستنی سەقامگیرییەتی. بۆیە خستنەڕووی دیناری عێراقی بابەتێکی گرنگە و بانکی ناوەندی پێم وایە ئەم خاڵەی تێپەڕاندووە بەهۆی فرۆشە زۆرەکانییەوە. ئێوەش دەزانن رۆژانە نزیکەی 260-280 ملیار دۆلار دەچێتە ناو بانکی ناوەندی، واتە نزیکەی چارەکێک ترلیۆن. بۆیە پێم وایە توانای هەڵمژینی جموجووڵی نەختینەکان لەئاستێکی زۆر باڵادایە؛ لە پاڵ ئەمەشدا بابەتە لۆجیستییەکانی بانکی ناوەندیی خۆی کاریان لەسەر دەکات لە رێگەی دەرکردنی دراو و چالاکییە جیاوازەکانی دیکەوە. 

رووداو: بەڵام گومانی زۆر دەکرێت و قسەیەکی زۆر جیدییە و حەزدەکەم ئەم پرسیارە زۆر بەجیدی لێم وەربگریت. باس لەوە دەکرێت، رۆژانە بانکی ناوەندیی کە دەڵێت 200-250-280 ملیۆن دۆلار کە دەفرۆشێت ئەوە تەنیا راگەیێندراوی وێبسایتێکە و بنچینەیەکی ئەوتۆی نییە. واتە گومان هەیە لەسەر بڕی فرۆشتنەکە. تۆ هیچ گومانێکت هەیە یان نەخێر راستە و بانکی ناوەندیی ئەو بڕە پارەیە دەفرۆشێت کە رایدەگەیێنێت. 

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: نەخێر بە دڵنیاییەوە؛ سەیرکە، ئەمە سەندرۆمە لەگەڵ بودجەی گشتی و گەورەترین خەرجی هەیە سەبارەت بە بودجە. خەرجی و تێچووەکانی بودجە نزیکەی 50٪ی کۆی داهاتیی ناوخۆ پێکدەهێنن و دەرەنجام گەورەترین بارگرانی بۆ سەر دینار، خودی بودجەکە خۆیەتی. لە راستیدا ئەم سەندرۆمە زۆر روونە کە دیناری بازاڕەکان رابماڵین بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بودجە و بودجەش ئەم پێداویستییانە بە ئاڵوگۆڕی ئەو دۆلارانە بکات کە لە ئەنجامی فرۆشی نەوتەوە دەست دەکەوێت. خۆتان دەزانن ئەمە میکانیزمی خۆی هەیە کە بەهۆی فرۆشە پەرش و بڵاوەکانەوە لە چەند مانگی رابردوودا روویداوە و چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد گۆڕانکاری بەسەر دۆخەکەدا رووبدات، بەڵام ئەمڕۆ فرۆشەکان و داهاتەکانیشیان ئارام و سەقامگیرن. هاوکات بانکی ناوەندیی بەشێوەیەکی زۆر دروست خۆی ئامادەکردووە و بۆیە مەترسییەکان زۆر کەمبوونەتەوە. مەترسی لەمبارەیەوە بەدی ناکرێت. ئەمە ترسی خەڵکە و خەڵکیش مافی خۆیەتی هەمیشە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان بکات. بۆیە دۆخەکە ئارامە و نیگەرانی نییە. 

رووداو: واتە پێویست ناکات هیچ گومانێک بکەین کە بانکی ناوەندیی راست دەکات یان راست ناکات لە فرۆشتنی ئەو بڕە دۆلارە؟ ئەوەی رایدەگەیێنێت دەیفرۆشیت و پێویست بەگومان ناکات، دەتوانین وابڵێین؟ 

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: نەخێر؛ نەخێر. با ئێستا نەچینە نێو ئەم گەنگەشەیەوە، چونکە پێشتر مەزاد 80٪ی داواکاری دراوە بیانییەکانی رەتدەکردەوە. ئێوەش لەیادتانە کاتێک مەرجە نێودەوڵەتییەکان 80٪ی داواکارییەکانی رەتدەکردەوە، کەچی ئێستا هەمان ئەو شوێنە 80٪ی داواکارییەکان پەسند دەکات. ئیدی دۆخەکە ئارامە و دەرەنجام توانرا کۆنترۆڵی دەستپێشخەری دۆلار بەرامبەر دینار لە ئاستێکی زۆر باڵا بکرێت و بەمەش نەختینە زۆر زیادیکردووە. بابەتی چاپکردنی دراو و خستنەبازاڕ و راکێشانیشی دیوێکی دیکە و بابەتی دیکەیە و بانکی ناوەندیی بەم ئاراستەیە هەنگاوی بۆ ناوە و دەنێت. بۆیە با مەترسییەکانیشمان بەم ئاراستەیە نەبێت. 

رووداو: بەڵام ئێمە رۆژانە پێویستمان بەو هەموو بڕە پارەیە بە کاش و حەواڵە؟ 250-280 ملیۆن دۆلار نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار زۆر نییە؟ پێویستمان پێیەتی؟ 

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: نەخێر ئەمە بەندە بە پێویستی نەختینەی حکومەت و راکێشانی ئەو بڕەی پێویستییەتی. زۆرترین پارە راکێشان کاتی پێدانی مووچەکان دەبێت، بەڵام ئەمانەش رێکخراونەتەوە و کەڵەکە دەبنەوە و بەپێی چەند پێوەرێک رێکدەخرێنەوە. 

رووداو: بەڵام رۆژانە بانکی ناوەندیی ئەم گوژمەیە دەخاتە بازاڕ. ئەگەر پێویستمان پێی نەبێت، بۆچی ئەوەندە رادەگەیێنێت؟
  
د. مەزهەر محەممەد ساڵح: ئەمە پیشەی رێکخستنی ژێرخانەکانی نەختینەیە بۆ ئەوەی نرخی ئاڵوگۆڕ جێگیر بکرێت. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو داهاتەی بە دینارە، خەرجییەکانی بودجە و خەرجییەکانی دیکەش پارەدار دەکەن. واتە پرۆسەکە بەردەوام لە نێوان راکێشان و خەرجکردنییەوە دەبێت. لە پاڵ ئەمەشدا پرۆسەی پاراستنی باڵانسی راکێشان و خەرجییەکانیش دروست دەکات. 

رووداو: لە دۆخی ئاساییدا عێراق رۆژانە پێویستی بە چەند گوژمە دەبێت بە دینار و بە دۆلارەوە؟ 

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: لە راستیدا ئەمە بەندە بە خواستی بودجە؛ سەیربکە، بودجە خۆی زۆرترین پێویستی بەدی دەکات. خەرجیی بریتییە لە بودجە. خۆی حکومەت یەدەگی لە بانکی ناوەندیی هەیە، رایدەکێشێت و خەرجی دەکات و دەیخاتەڕوو. ئەمەش لە بەشی خەرجییەکاندا خۆی دەبینێتەوە، هەر لە بنچینەدا گەورەترین لایەن کە پێویستی بە دینارە بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکان، خودی بودجەیە، چونکە خەرجییەکانی مانگانەی زۆرن و بۆیە بانکی ناوەندیی بەشێوەیەکی بەهێز ئالوودەی حکومەتە بەهۆی ئەوەی بانکی حکومییە و ئەرکەکەی بریتییە لە پارەدارکردنی حکومەت بەپێی خواستی بە دینار. 

رووداو: ئەگەر بودجەی عێراق بەسەر رۆژەکانی ساڵدا دابەش بکەین، تێکڕا رۆژانە پێویستمان بەوە هەیە 200 ملیۆن دۆلار بەکاش و حەواڵە بفرۆشین؟ 

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: نەخێر، با من شتێکت پێ بڵێم، شتێکی دیکە هەیە. ئەگەر بێتوو خواستی زیاتر لەسەر دراوی خۆماڵی هەبێت، وەک دەزانن خستنەڕووی کاش هەیە، نەختینەی ئامادە هەیە بۆ چاپکردن بەپێی ستاندەردە جیهانییەکان. لەپاڵ ئەمەشدا چاپکردن هەیە بەمەبەستی خەرجکردنی کاش بۆ ئابووریی عێراق کە ئەمەش بە بابەتی لۆجیستی دەناسرێت. ئەوەی هەیە لەگەڵ فرۆشەکانی بانکی ناوەندیی بە دۆلار، نەختینەی سەرەکی پێک دەهێنن. نەختینە سەرەکییەکەش لە رێگەی بودجەوە خەرج دەکرێت. هاوکات خستنەڕووی نەختینەی نوێش هەیە لەگەڵ راکێشانی نەختینەی ناو بازاڕ. 

رووداو: بەڵام بڕێکی پارەی نوێی زۆر چاپکراوە. تاوەکو ئێستا 96 ترلیۆن دینار چاپکراوە. ئەمە کێشە بۆ ئابووریی عێراق و بەهای دینار دروستناکات؟

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: نەخێر؛ پێویستمان بە نەختینەیە و دەستوەردانی زۆریش هەیە. بانکی ناوەندیی دەتوانێ لە رێگەی ئامرازەکانییەوە ئەو بڕە پارەیە رابکێشێت. یەکێک لە ئامرازەکانیشی دۆلارە و دەکرێت لە رێگەی ئامرازی دیکەشەوە رایبکێشێت بە حەواڵەکردن و کڕینی قەواڵەکان بەپێی ویستی بانکی ناوەندی و لێرەش نرخی سوود رۆڵی خۆی دەگێڕێت و لەپاڵ ئەمەشدا نرخی ئاڵوگۆڕی دراویش دێتە کایەوە. 

رووداو: ماوەیەک لەمەوبەر باست لەوەکرد کە 90٪ی داواکاری بازرگانان رەتکراوەتەوە لەلایەن گەنجینەی ئەمریکی و بانکی ناوەندیی عێراقەوە. ئێستا بە چ رێژەیەک رەتدەکرێتەوە؟ ئێستا رێژەی چەندی داواکاری بازرگانان بۆ حەواڵە بۆ هاوردەکردنی کاڵا پەسند دەکرێت؟ 

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: ئێستا رێژەکە زۆر بەرزە. هەندێک داوا هەن رەتدەکرێنەوە، بەڵام کەمن کە لەگەڵ مەرجە نێودەوڵەتییەکان نەگونجاون؛ بەڵام لە هەمان کاتدا فرۆشە بەرزەکان کە 200 ملیۆن دۆلاریان تێپەڕاندووە دەیسەلمێنن کە داواکارییەکان بەشێوەیەکی دروست بەڕێوەدەبردرێن و بەدەمەوەچوونی بانکەکان رێکوپێک و گونجاوە و خۆیان لەسەر بنەماکانی بەڕێوەبردنی نێودەوڵەتی و شەفافییەت راهێناوە، لە بری بەکارهێنانی شێوازە کلاسیکییە سواوەکان کە مایەی گومان بوون، بەتایبەتیش لەبارەی سوودمەندیی کۆتایی. سوودمەندی کۆتایی کێیە لە پرۆسەی حەواڵەکردن؟ ئیدی بەمشێوەیە بانکەکان دەستیان کردووە بەدیاریکردنی سودمەندی کۆتایی. بەمەش ئێمە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەزانین ئەم پارەیە بۆ کامە کۆمپانیا دەچێت و لە بەرامبەردا چ جۆرە کاڵایەک بۆ عێراق هاوردە دەکرێت و ئیدی بەمشێوەیە پرۆسەکە روونتر بووەتەوە و ئەو داواکارییانە کە رەت دەکرێنەوە بەهۆی تەمومژاوی بوونیانەوە رەتدەکرێنەوە یان گومانیان لەسەرە. 

رووداو: دەتوانین بڵێین 20٪ی داواکارییەکانی بازرگانان رەتدەکرێتەوە؟ 

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: رەنگە بەڵێ، پێم وایە کەمێک زیاتر و هەندێک کەمتر بێت، چونکە بڕی فرۆش زیادی کردووە. ئەمەش ئاماژەیەکی گەورەیە و سەلمێنەری ئەوەیە کە تۆ هاتوویتە سەر رێڕەوە راست و دروستەکە، بەڵام بەشێوازێکی باشتر. زیادی فرۆشەکان و داشکانی بەهای دۆلار رەنگدانەوەی ئەرێنییە بەهۆی ئەوەی هەردوولایەن پەیوەندی باش لەنێوانیاندا بەدی دەکرێت. بەرزبوونەوەی فرۆش و کەمبوونەوەی بەهای دۆلار کاریگەری تایبەتی خۆی هەیە. 

رووداو: هۆکارێکی دیکەی فرۆشی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێستا دیاردەیەک زۆر سەریهەڵداوە؛ خەڵکێکی زۆر بە سمارت کارت وەک ڤیزە کارت و ماستەر کارت و بلو کارت بە سەتان کارت دەبەن و لە تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکە دەیکەنە کاش و دەیگەڕێننەوە. ئەمە چ قازانجێکی بۆ عێراق هەیە؟ خەڵکێک هەیە ئەمە بووەتە کاسبی بۆی. پارەکە دەبەیتە تورکیا و بەکاش و بە حەواڵە لە هەولێر یان لە بەغدا وەریدەگریتەوە.

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: دەستخۆش، یەکێک لە کێشە باوەکانی پێشوو؛ خەڵک هەیە پێویستی بە دراوێک هەیە لە دەرەوەی پرۆسەی بازرگانی، بۆ نموونە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو هەوڵی حەواڵە دەدات و زەویوزار و خانووبەرە دەکڕێت یان دەیەوێت هەژماری بانکیی خۆی بەهێزتر بکات، ئەوەش بەهۆی پابەندییە داراییە دەرەکییەکانی. ئەوەی پێشتر روویدەدا ئەوەبوو کە بازرگانەکان ئەم داواکارییانەیان پێشکێش دەکرد لە چوارچێوەی نرخە سەروەرییەکاندا و بەمەش بەهای کاڵایەک ئەگەر دۆلارێک بوایە، دەبووە پێنج دۆلار و بەمەش قاچاخچێتیکردن و گومان و نیشانەی پرسیار سەریهەڵدەدا. بانکی ناوەندی چەند هەنگاوێکی ژیرانە و میانڕەوانەی گرتەبەر و رێگەی بەم حەواڵانەدا بە ڤیزا کارت و ماستەر کارت بۆ بازرگانیی بچووک و مامناوەند و حەواڵە بچووکەکان هەبێت. هەمان شێوەی ئوردن، ئەگەر هەژماری دەرەکیت هەبێت، مانگانە دەتوانی بە ئاسانی 7000 دۆلار حەواڵە بکەیت بۆ پارەدارکردنی هەموو ئەو خەرجی و پێداویستیانەی هەتە بۆ ئەوەی بازاڕ سەقامگیر بکرێت. ئەگەر ئەم کارانە نەکرێن، بەدڵنیاییەوە کێشە لەناو بازاڕدا دەمێنێتەوە. پێم وایە ئەم سێ پاکێجەی بانکی ناوەندی رایگەیاندن کە تایبەتن بە پارەدارکردنی بازرگانی و داواکارین نزیک لە سەرمایەکان، سەرمایە نین بەڵام نزیکن لە سەرمایە، چونکە هەموویان داواکاری بچووکن، بەڵام لە هەمان کاتدا ئارامی دەبەخشنە حەواڵەکارەکان. 

رووداو: پێتان وایە ئەمە جۆرێکە لە قاچاخچییەتی بە دۆلار و دیناری عێراقی؟ بۆچی پێت وایە ئەمە پێداویستی نێوخۆیی عێراقە؟ کەسێک 100 کارت و 200 کارتی پێیە، بچێت لە وڵاتێکی دیکە بە کاش دەینێرێتەوە بە حەواڵە، ئەمە قاچاخچێتیی نییە؟ 

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: ئەمە قاچاخچێتیکردن و فێڵە و کارێکی نایاساییە. ئێمە کارتێک بە هەر کەسێک دەدەین و مانگانە پشکەکەی حەوت هەزار دۆلارە کە دەتوانێت لەم چوارچێوەیەدا بەکاری بهێنێت و لە ئەگەری سەفەرکردنیش رەنگە بگاتە 10 هەزار دۆلار و بۆ نەخۆشیش رەنگە زیاتریش ببات، بەڵام ئەویشیان رێسا و یاسای خۆی هەیە. بەڵام ئەو کەسە یاسا بکاتە ئامرازێک و بیقۆزێتەوە ئەمە قاچاخچێتیکردن و فێڵ و تەڵەکەبازییە و پێچەوانەیە بە ئابووریی نیشتمانی. بۆیە چاودێرییەکی چڕ هەیە دژی ئەو کەسانەی هەوڵ دەدەن لە رێگەی ڤیزە کارت ئەم جۆرە کارانە دەکەن. لە فڕۆکەخانەکان شتی زۆر سەیر و سەمەرەمان بینی. ئەمە تەڵەکەبازییە بە بەکارهێنانی ئامرازە یاساییەکان. 

رووداو: بەڵام ئەمە لەبەرچاوی حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندییەوە دەکرێت. چ پلانێک هەیە بۆ ئەوەی رێگری لەم بابەتە بگیرێت، کە ئەمە بەقاچاخبردنی مۆدێرنی پێ دەڵێن، هیچ بڕیارێک هەیە بۆ ئەوەی رێگری لێ بکرێت؟

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: بانکی ناوەندی پلانی هەیە و تۆڕێکی بەهێزی پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ دامەزراوەکانی کارتە ئەلیکترۆنییەکان هەیە بە ماستەر و ڤیزە و ئەوانی دیکەشەوە. لەهەمان کاتدا رێککەوتن و یاداشتنامەی هاوبەش و راوێژی هەمیشەییان هەیە. هەروەها نووسینگەکانی سپیکردنەوەی پارە تێیدا کاردەکەن. بانکی ناوەندی دامەزراوەیەکی بێدەنگە، بەڵام بە هێزەوە کار دەکات و رێکاری تووندوتۆڵی هەیە. لە هەموو وڵاتێکدا ئەم جۆرە تاوانانە بەدی دەکرێن و تەنیا لای ئێمە نین، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەم جۆرە تاوانانە نەهێڵدرێن. 

رووداو: بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێمە، لە چەند هەفتەی داهاتوو یان چەند مانگی داهاتوو ژمارەیەکی زۆر لەم کارتە ئەلیکترۆنیانە کە خەڵک بەکاریان دەهێنن لە وڵاتانی دیکە، بانکی ناوەندی عێراق بلۆکیان دەکات. ئەم زانیارییانە دروستن؟  

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: لە راستیدا بۆ چەند کەسێک دەبێت و بۆ چەند دۆخێکی دیاریکراو دەبێت، نەخێر ئەمە ئەستەمە و دژی ئازادییەکانی حەواڵە و ئازادییە ئابوورییەکان دەبێت، بەڵام بۆ هەندێک پێشێلکاری دەبێت، بەڵام ئەمە پڕوپاگەندەیە و راست نییە، بەڵام تاوانەکان دەگرێتەوە. 

رووداو: چەند رۆژێک لەمەوبەر بانکی ناوەندیی عێراق نووسراوێکی نوێی دەرکرد و بابەتی راکێشانی پارە لە رێگەی ئەم کارتە ئەلیکترۆنیانەوە سنوورداردەکات بۆ کاش رۆژانە 250 دۆلار، مانگانەش کەسێک دەتوانێت 3000 دۆلار لە بری 10,000 دۆلار بکێشێت و ئەوپەڕی 4000 دۆلار، بۆ ئەوەی شتێک بکرێت، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە، کەی جێبەجێ دەکرێت؟ 

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: پێم وایە لە چەند وڵاتێک جێبەجێ کراوە، لانیکەم لە دوو سێ وڵات جێبەجێ کراوە، بەتایبەتی لە وڵاتە دراوسێیەکاندا. لە راستیدا ئامانج لەم کارتانە پارەدانی ئەلیکترۆنی دەبێت، نەک بە کاش رایبکێشیت، بەڵام راکێشانی کاش بە کارت لە سنووری خۆی زیاتر بێت، لە راستیدا نیشانەی پرسیاری لەسەرە. هەمووی بەکاربهێنیت، ئەمە زۆر مەترسیدارە. ئێستا لە عێراق کێشەی بانکمان هەیە و هەموو شتێک بە کاش دەکرێت، بەڵام لە وڵاتاندا هەموو پارەدان و پارەدارکردنێک بە کارت دەکرێت. بۆچی بەدوای کاشدا دەگەڕێت، ئەمەش مایەی نیگەرانییە و نیشانەی پرسیاری زۆری بەدوادا دێت. 

رووداو: ئەو نوسراوە نوێیە لە وڵاتانی دراوسێی عێراق چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە؟ فرۆشتنی پارە سنووردارکراوە؟

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: لە راستیدا هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە جیهانییەکان کراوە بۆ رێگەگرتن لەو کارتانە، واتە کۆنترۆڵی جموجووڵی کارتەکان دەکرێت لەسەر چەند کەسێک، چەند دامەزراوەیەک و چەند حەواڵەیەک کە مایەی گومانن. بەڵێ هاوئاهەنگی لەنێوان بانکی ناوەندیی و دامەزراوە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان هەیە بۆ رێگەگرتن لەم کارتە نێودەوڵەتییانە و نووسینگەکانی سپیکردنەوەی پارە. 

رووداو: دکتۆر، مەبەستم لە وڵاتە دراوسێیەکانە. ئەو نووسراوە نوێیە لە وڵاتانی دراوسێ کاری پێکراوە بۆ سنووردارکردنی حەواڵەی پارە و کڕینی کاڵا و شمەک بەم کارتانە لە وڵاتانی دراوسێی عێراق دەستکراوە بە جێبەجێکردنی؟ 

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: هەموویان ئاگادارن و هەموویان زانیارییان هەیە و هەمووشیان پابەندن، لە رێگەی ئەو دامەزراوانەی کارتەکان دروست دەکات. ئەمە کارێکی زۆر گرنگە و مەترسییەکی زۆر گەورەیە. کەسێک کارتی هەبێت، بە کارت کاڵا دەکڕێت و بۆچی داوای کاش دەکات؟ بۆچی ناچار بم کاش رابکێشم؟ ئەگەر کاش بەکاربهێنم بۆ خەرجی زۆر کەم بەکاریان دەهێنم. تەنانەت تاکسیش ئەمڕۆ بە کارت کاردەکات، بەڵام تۆ دەست ببەیت بۆ راکێشانی هەزاران دۆلاری کاش، ئەمە مایەی پرسیارە. 

رووداو: بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانمان، تاوەکو ئێستاش خەڵک دەتوانن لە مانگێکدا 10,000 دۆلار رابکێشن، لە کاتێکدا حکومەت دەڵێت تەنیا 3000 دۆلار رابکێشیت. هێشتا کاری پێدەکرێت و بڕیارە نوێیەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. 

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: ئەمە وەک شەپۆلێک وایە؛ شەپۆلەکە رۆژ دوارۆژ کەمتر دەبێت و لەگەڵ کاتدا کۆتایی پێدێت. ئەم دیاردەیە لە ئەنجامی کرانەوەی حەواڵەکانەوە سەریهەڵداوە کە مەبەستمان لێی کەمکردنەوەی گوشارەکان بوو، بەڵام پێم وایە لە رۆژانی داهاتوودا شەپۆلەکە دادەبەزێت و بەرەو کۆتایی دەچێت و دەچێتە شوێنی خۆی. ئێوەش دەزانن ئەو کەسانەی دۆخەکە دەقۆزنەوە کاتییە، بەڵام بەهەر حاڵ کۆتاییدێت و نامێنێت. بابەتەکە کاتییە و هەمیشەیی نییە. 

رووداو: لە ماوەی رابردوودا هۆکاری ئەو ناجێگیرییەی لە دۆلار و دیناردا هەبوو دەخرایە ئەستۆی ئێران کە بڕێکی زۆر دۆلاری دەبرد. ئێستا دەگوترێت ئێرانییەکان خواستیان لەسەر دۆلار نەماوە و نایکڕن. ئەمە پڕوپاگەندەیە یان راستە؟ عێراق ترسی نییە لەوەی دۆلارەکەی بەشێوەی قاچاخ نەچێتە ئێران؟ 

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: لە راستیدا منیش وەک تۆ لە میدیاکانەوە هەواڵەکەم خوێندەوە؛ ناشمەوێ زۆر بچمە ناو قووڵایی ئەم بابەتەوە، بەڵام پێم وایە جۆرێک لە جۆرەکان کۆنترۆڵی بازاڕەکان کراوە. ئێوەش دەزانن وڵاتانی دراوسێ پێگەی گرنگیان هەیە و زۆربەی بازرگانییەکان لەگەڵیان دەکرێت. بە ئێران و ئەوانی دیکەشەوە، بەڵام پێم وایە دۆخی ناوخۆی عێراق گرنگترە کە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکرێت. پرسی ناوخۆییمان زۆر گرنگترە و پێم وایە هەنگاو بەرەو باشی دەنرێت. 

رووداو: بەڵام دوایەمین راپۆرتی میدیڵ ئیست ئای کە ئێوەش قسەتان تێدا کردووە باس لەوە دەکات کە لەبەر ئەوەی ئێرانییەکان خواستیان لەسەر دۆلاری عێراق نەماوە، ئەمە وایکرد کە بەهای دۆلار دابەزێت؟

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: بەخوا من قسەی وەهام نەکردووە؛ من هیچ پەیوەندییەکم بە بابەتی ئێرانەوە نییە، بەڵێ راپۆرت هەیە و منیش خوێندوومەتەوە، بەڵام لە راستیدا ئەوە نازانم تا چەند ئەم بابەتە راست و رەوایە، بەڵام گرنگ بۆ ئێمە جێگیربوونی دۆخی ناوخۆی بازاڕی عێراقە و بەرەو پێکانی ئامانجەکان دەڕۆین و ئەمەش بۆ ئێمە گرنگە. 

رووداو: دەمەوێ ئەم بابەتە سێبارە بکەمەوە؛ بەمزووانە دۆلار دەبینین دابەزێت و بێتە ئاستەکانی 130-140 هەزار دینار. دەتوانین بڵێین لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا وای لێدێت؟ 

د. مەزهەر محەممەد ساڵح: بەڵێ، بەڵێ، پێشبینییەکان بەم ئاراستەیەن و ئەرێنین. ئەگەر لەیادتان بێت، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێم وایە 40 رۆژ پێش ئێستا گوتی، دەست بەدینارەوە بگرن، چونکە دەبێتە دراوێکی بەهێز. پێم وایە پێشبینی و خوێندنەوەکانی سەرۆکوەزیران هەڵسەنگاندنێکی بێبنەما نەبوون و ئاماژەیەک بوون بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی ئێستا روودەدەن. ئەمانە پێشبینین و هیوادارم راست دەربچن بەوەی بەهای دینار بەخێرایی بەرز دەبێتەوە و دۆلار دادەبەزێت. بەمەش بەهای دۆلار نزیک دەبێتەوە لە خانەی گەیشتن بە ئاستی 130 هەزار و نرخی ناوەندی. لێکنزیکبوونەوەیەکی زۆر باشە و ئەمەش ئەو سەقامگیرییەیە کە ئێمە چاوەڕێی دەکەین.