ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: دەبێت مووچە لە کێشە سیاسییەکان دووربخرێتەوە

12-03-2024
لهۆن نەسرەدین
مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە بوڵتەنی نیورۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات.
مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە بوڵتەنی نیورۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەرێمی کوردستان تەنیا لیستی کارمەندانی سڤیلی ناردووە و لیستی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەی نەناردووە بۆیە مووچەیان بۆ نەنێردراوە. دەشڵێت، سبەی چوارشەممە لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆدەبنەوە و مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی ئادار، مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە بوڵتەنی نیورۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، باسی لە مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان و گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ بەغدا کرد.
 
گەرعاوی گوتی، 12 رۆژ بەسەر کاتی دیاریکراو کە مانگێکە، بۆ گواستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا تێپەڕیوە، هەروەها بەگوتەی ئەو، "مووچە بە ئەلیکترۆنی نەکرێت عێراق مووچە نانێرێت".
 
سبەی لێژنەی دارایی و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆدەبنەوە. مستەفا گەرعاوی دەڵێت، لەو کۆبوونەوەیەدا پێشهاتەکانی تایبەت بە مووچەی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن. گوتیشی، "لە یاسای بودجەدا لەسەر هەرێمی کوردستان چەسپێندراوە، کە دەبێت پابەندی خەرجکردنی مووچەی کارمەندەکانی بێت و ئەگەر نەیتوانی، ئەو کاتە دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ هەستێت بەو کارە. ئەنجامدانی ئەو کارەش لە رێگەی بەبانکیکردنی مووچەی کارمەندان دەبێت".
 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق
 
رووداو: ئەوە چییە بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت؟ بۆچی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی مووچەی کارمەندانی هەرێمی کوردستانی نەنارد، لەکاتێكدا هەرێمی کوردستان دەڵێت، تەواوی داواکارییەکانی حکومەتی عێراقم جێبەجێ کردووە؟
 
مستەفا گەرعاوی: سەبارەت بە ناردنی مووچەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان، بە گوێرەی زانیارییەکانمان، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لیستی کارمەندانی سڤیلی ناردووە و لیستی تایبەت بە هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی پێشمەرگەی نەناردووە. ئەو لایەنەی داتای نێردراوەتە بە‌غدا، مووچەی بۆ رەوانە کراوە؛ بۆیە لە چاوەڕێی ناردنی لیستی ئەو لایەنانەداین کە هێشتا داتایان نەنێردراوە، ئەوە بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەی لە دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵی کراوە، بە جۆرێك کە مووچەی مانگی شوبات بە گوێرەی لیستی داتاکان بێت و پاشان دەبێت دەست بکرێت بە رێکارەکانی تایبەت بە بانکیکردنی مووچە بۆ مووچەی مانگی ئادار. ئەوە دوایین رێکارەکانن گیراونەتە بەر و پێم وایە کارەکە بە ئاراستەیەکی دروست دەڕوات، ئەگەر زانیارییەکانی دیکە ئامادە و پێشکێش کران. 
 
رووداو: بەڵام ئایا لە عێراقیش هەر بەو جۆرە نییە؟ ئایا لیستی حەشدی شەعبی لە وەزارەتی داراییدا هەیە ؟ لیستی دامودەزگا ئەمنییەکان لە وەزارەتی داراییدا هەن؟
 
مستەفا گەرعاوی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە داتاکانیان بە تەواوی بەردەستن، بەڵام بە بانکی نەکراون. داتاکانی حەشدی شەعبی بە بانکی کراون و هەرچی ئەندامی حەشدە لە رێگەی کارتی بانکییەوە مووچە وەردەگرێت و زانیارییەکانیان لە وەزارەتیی دارایی بەردەستن. زیاتر لە ساڵێکە ئەوە کراوە و دەتوانن لە رێگەی پەرلەمانتارانی کوردەوە کە لە بەغدادان ئەو زانیارییانە پشتڕاست بکەنەوە و ئەو زانیارییانەی کە سەبارەت بە حەشدی شەعبین وەربگرن.
 
رووداو: بەڵام ئەو زنیارییەی کە هەیە، بە گوتەی پەرلەمانتارانی کورد کە لە پەرلەمانی عێراقن، ئەوەیە کە زانیارییەکانی حەشدی شەعبی هەر  ئەو زانیارییانەن حەشدی شەعبی داویەتی، واتە کۆی گشتی ژمارەی ئەندامانی هێزەکەیە. حکومەتی هەرێمیش هەمان کاری کردووە. ئایا زانیاری ورد تایبەت بە حەشدی شەعبی لە وەزارەتی دارایی عێراق بەردەستە؟
 
مستەفا گەرعاوی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، هەرچی زانیاری تایبەت بە ئەندامەکانە لە رێگەی سیستمێكی یەکگرتوو و وەرگرتنی پەنجە مۆرەوە دەکرێت و کارتی بانکی دەردەکرێت و مووچەی کارمەندەکەش دەدرێت. ئەوە بەشێکە لە رێکار و میکانیزمەکە و دەکرێت هەر نوێنەرێكی هەرێمی کوردستانیش سەردانی دەستەی حەشد بکات و  لە نزیکەوە تەماشای میکانیزمەکە بکات. 
 
رووداو: بۆچی تاوەکو ئێستا حەشدی شەعبی کارتی بۆ دروست نەکراوە؟
 
مستەفا گەرعاوی: ئێستا مووچەیان بە بانکی کراوە و هەموو ئەندامانی حەشدی شەعبی هەژماریان هەیە و بە بانکی کراوە و  مووچەکانیان لە رێگەی بانکەوە بۆ خەرج دەکرێت. 
 
رووداو:  ئایا دەکرێت لە ماوەی مانگێکدا ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی کە دەریکردووە، واتە لە ماوەی مانگێكدا ملیۆنێک و 200 هەزار کارمەند کارتی ئەلیکترۆنییان بۆ دروست بکرێت؟ ئایا ئەمە زەحمەت نییە ؟ 
 
مستەفا گەرعاوی: لە هەڤپەیڤینەکانی پێشووم باسم ئەوەم کردووە، کاتێك کە پێشوازیمان لە وەزیری دارایی کرد، گوتیان ئەگەر داتای تەواومان پێ بدەن دەتوانین کارتی بانکی بۆ کارمەندانی هەرێمی کوردستان دەربکەین، واتە لە رووی تەکنیکییەوە دەکرێت؛ بۆیە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق کە ئەمڕۆ 12 رۆژ بەسەریدا تێدەپەڕێت، ئەگەر بە جیدی کاری لەسەر بکرێت، ئەوا  بەڵێ دەکرێت جێبەجێ بکرێت؛ بەڵام هەر دابنیشین و بڵێین کات کەمە و تەواو نابێت، ئەوە ناتوانین بە هیچ ئەنجامێک بگەین و دواجار کاتەکەش تەواو دەبێت و حکومەتی هەرێم  و حکومەتی فیدراڵی لەبەردەم دادگەی فیدراڵی شەرمەزار دەبن، چونکە ئەو کاتە حکومەتی فیدراڵ ناتوانێت مووچەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی رێکارەکانی تایبەت بە خەرجکردنی مووچە تەواو نەبووە و هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە دۆخێکی قورس و ناخۆشەوە. 

 

 
رووداو: عێراق خۆی بە 6 ساڵ ئەو کارەی کردووە، با بەو جۆرە بڵێم نزیکەی 6 تاوەکو 7 ساڵی پێچووە تا توانیویەتی کارتی بانکی بۆ کارمەندەکانی دەربکات. ئایا ئەوە گوشار نییە لەسەر هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی یەک مانگدا کارتی بانکی بۆ ملیۆنێک و 200 هەزار کارمەند دەربکات؟ 
 
مستەفا گەرعاوی: بە گوێرەی زانیارییەکانی بەردەستمان، هەرێمی کوردستان بنەمای داتاکانی تایبەت بە کارمەندەکانی خۆی هەیە کە لە رێگەیەوە مووچەیان پێ دەدات. دەکرێت ئەو داتایانە بگوازرێنەوە بۆ حکومەتی ناوەند و وەزارەتی دارایی و پاشان ئەو داتایانە چالاک دەکرێن. لە رووی تەکنیکییەوە دەکرێت ئەو کارە بکەین. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە سبەی چوارشەممە کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەیە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بەو بابەتە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە مووچەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان لە کاتی دیاریکراویدا بگاتە دەستیان بێ هیچ دواکەوتنێك و دوور لە هەر کاریگەرییەکی سیاسی و کارگێڕی؛ بۆیە ئەگەر ویستێکی راستەقینە هەبێت، دەتوانین ئەو کارە بکەین؛ بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە تاوەکو کۆتایی بەو بابەتە بهێندرێت، وەک گوتم دەبێت لە هەموو دۆسیەیەکی سیاسی، کارگێڕی و تەکنیکی دوور بخرێتەوە. 
 
رووداو: باشە، ئەی ئەگەر ئەوە نەکرا، چی بکرێت؟ زۆرجار بەرپرسانی دارایی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکەن کە دەکرێت بەغدا مووچەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان بدات تاوەکو ئەو دەمەی پرۆسەی بە بانکیکردنەکە کۆتایی دێت. ئایا رێگەیەکی دیکە هەیە ؟
 
مستەفا گەرعاوی: ئێمە لەگەڵ ئاسانکردنی رێکارەکانی تایبەت بە خەرجکردنی مووچەی کارمەندانین، بەڵام بە مەرجی ئەوەی هەنگاوەکە دژی بڕیاری دادگە، یاسای بودجە و یاساکانی کارگێڕی دارایی نەبێت، واتە دەبێت هاوسەنگی هەبێت لەنێوان جێبەجێکردنی یاساکان و پێدانی مافی کارمەندان؛ بۆیە هەمیشە دەڵێم پێویستە ویستێکی راستەقینە هەبێت و هەنگاوی جیدیش لەو بوارەدا بنرێت تاوەکو بڕیاری دادگە جێبەجێ بکرێت و هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمیش تووشی شەرمەزاری نەبن، بەوەی کە خەرجکردنی مووچەی کارمەندان دژی بڕیاری دادگەدا نەبێت. 
 
رووداو: لە بڕیاری دادگەدا دیاری نەکراوە کە دەبێت لە مانگی چەندەوە مووچەی کارمەندان بە کارت بدرێت. ئایا ئەوە هەردوو حکومەت دەستکراوەتر ناکات بۆ ئەوەی مووچەی کارمەندان بدەن تا ئەو دەمەی کارت دروست دەکرێن؟
 
مستەفا گەرعاوی: بە گوێرەی زانیارییەکانمان، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی پابەندییان هەیە و تانەیان لێ نادرێت و دەبێت هەردوو حکومەت جێببەجێیان بکەن، بەڵام لەبەرئەوەی بڕیارەکە لە مانگی شوباتدا دەرکرا بۆیە وا دایاننا کە مووچەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوبات بە لیستی داتا بدرێت و لە مانگی ئادارەوە بە کارت بدرێت. 
 
رووداو: لەسەر چ بنەمایەک وەزارەتی دارایی و بانکی فیدراڵی دەڵێن، ئەگەر کارتی بانکی نەبێت مووچەی مانگی ئادار نادرێت؟ 
 
مستەفا گەرعاوی: ئێمە لە یاسای بودجەدا لەسەر هەرێمی کوردستان ئەوەمان چەسپاند کە دەبێت پابەندی خەرجکردنی مووچەی کارمەندەکانی بێت و ئەگەر نەیتوانی ئەو کارە بکات، ئەو کاتە دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ هەستێت بەو کارە. ئەنجامدانی ئەو کارەش لە رێگەی بەبانکیکردنی مووچەی کارمەندان دەبێت؛ بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بەو کارە بکات و مووچەی کارمەندەکانی بخاتە سەر هەژماری بانکی؛ بەو جۆرەش سیستمەکەی لەگەڵ هەموو سیستمی بانکی تایبەت بە پێدانی مووچە لە عێراق یەکدەخاتەوە. 
 
رووداو: باشە ئەوە بە مانگێك چۆن دەکرێت هێشتا ئەو بانکانە لقیان لە هەرێمی کوردستاندا نییە؟ 
 
مستەفا گەرعاوی: رێگەم پێ بدە، من پرسیارێک لە تۆ بکەم. ئایا دەستکراوە بە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان؟ هێشتا پرۆسەکە نەکراوە، بەڵام لەملاوە رەخنە لە کەمی کاتەکە دەگرین. با ئێمە سەرەتا دەست بە کارەکە بکەین تاوەکو بزانین لە کوێ کێشەمان دەبێت، ئەو کاتە لەوانەیە دادگەی فیدراڵیش بیروبۆچوونێكی لەسەر لایەنە تەکنیکییەکە هەبێت. بەڵام ئەگەر تۆ کارەکە نەکەیت، ئەو کاتە دادگەی فیدراڵیش بە جۆرێكی دیکە دەڕوانێتە بابەتەکە. بۆیە من دەڵێم با سەرەتا دەست بە کارەکە بکەین، پاشان تەماشای لایەنە تەکنیکییەکە بکەین؛ دەشکرێت هەژماری بانکی لە بانکە فیدراڵییەکان بکرێتەوە و پاشان لە ڕێگەی پەنجەرە ئەلیکترۆنییەکانەوە مووچەی کارمەندەکان بدرێت،  وەک ئەوەی کە لە پارێزگاکانی ئێمەدا دەکرێت. کەسانێک هەن لە رێگەی کارتە زیرەکەکانیانەوە دەچنە پەنجەرە ئەلیکترۆنییەکان و مووچەی خۆیان وەردەگرن کە دەکرێت لە شوێنیکی نزیک لە ماڵی کارمەندەکەوە بێت.
 
رووداو: پەرلەمانتارانی کورد و بەرپرسانی پێشووی دارایی دەپرسن؛ چۆن عێراق بە 6 ساڵ کردی، چۆن هەرێمی کوردستان بە یەک مانگ بیکات؟ هەرێمی کوردستان دەڵێت ئەمە گوشارە؟ 
 
مستەفا گەرعاوی: کەسانی تەکنیکیش لە وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکەن کە دەکرێت لە ماوەی یەک مانگدا مووچەی کارمەندان بە بانکی بکرێت ئەگەر بێت و لیستی کارمەندان بە رێکوپێکی و بە ژمارەی راستەقینەیان رادەستیی وەزارەتی دارایی بکرێت. دەبێت دەست بە پرۆسەکە بکرێت و پاشان تەماشای بەربەستەکان بکرێت لە رووی تەکنیکییەوە تاوەکو بە جوانی بتوانین ئەو  کارە بە جێ بگەیێنین. 
 
رووداو: ئەگەر فریا نەکەوتن؟ 
 
مستەفا گەرعاوی: بڕیارەکە لای دادگەی فیدراڵییە. دەبێت ئەو کاتە بۆچوونێكی یاسایی لەو بارەیەوە هەبێت؛ دەبێت تەماشای بەربەستەکان بکرێت و بیروبۆچوونی یاسایی لە بارەیەوە بدرێت. بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە دادوەری جێگیر ببێت و سەقامگیری لە پێدانی مووچەی کارمەندان هەبێت و تووڕەیی جەماوەری نەبێت؛ بۆیە تەماشای پرۆسەکە دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا کێشەکە لە بە بانکیکردنی مووچەی کارمەندان هەبووە یان لە کێشەی تەکنیکی هەبووە. ئەو بابەتە دەخرێتە بەردەم کەسانی شارەزا و جارێكی دیکە لەوانەیە بخرێتە بەردەم دادگە و لەوانەیە دۆخەکە ئاڵۆزتر ببێت، ئەگەر چارەسەر نەکرا یان لەوانەیە بەگوێرەی دۆخەکە، رێکارێكی دیکە هەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە