رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە پیشەسازیی نەوتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق هیچ پێشنیازێکی پێنەداون لەسەر چۆنییەتی قەرەبووکردنەوەیان لەبری بەرهەمهێنانی نەوت و تێچووی ئەو نەوتەی بەرهەمیدەهێنن.
ئەو سەرچاوەیە کە لە نزیکەوە ئاگاداری پرسی نەوتی هەرێمی کوردستانە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو راپۆرتانەی بڵاوبوونەوەتەوە، کە گوایە کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان پێشنیازی حکومەتی عێراقیان رەتکردووەتەوە، راست نین، لەبەرئەوەی لە بنەڕەتدا هیچ پێشنیازێکمان لەو بارەیەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پێنەگەیشتووە."
هەفتەی رابردوو كەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوەکالەت رایگەیاندبوو لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، رێککەوتوون خەرجی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لە هەشت هەزار و 900 دینارەوە بۆ 20 هەزار و 61 دینار بەرزبكەنەوە، لەو چوارچێوەیەشدا رێككەوتنێك لە لایەن وەزیری نەوت و پلاندانانی عێراق و وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان واژۆکراوە.
سەرچاوەکەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند "ئەو گۆڕانکارییانەی هاوینی رابردوو لە کاتی پەسندکردنی بودجەی عێراق لە دوایین ساتەکاندا کران و تێیاندا ژمارەیەکی نادروست دانرا، کە گوایە تێچووی نەوتە لە باشووری عێراق، هەر ئەو بڕەش بەسەر کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان سەپێندرا، بە ئەنقەست و بەمەبەستەوە کراوە."
سەرچاوەکەی رووداو ئەوەشی روونکردەوە "ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو کێڵگە نەوتییانەی عێراق کە کاری دۆزینەوە و پەرەپێدانیان تێدا دەکرێت وەک ئەو کێڵگە نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەن، دەردەکەوێت تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیاتر نییە لە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق."
ئاشکراشی کرد "ئەو کێڵگانەی عێراق کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت تێیاندا کەمە، زیاتر لە 70 ساڵە کاریان تێدا دەکرێت."
بەپێی سەرچاوەکەی رووداو، "ئەگەر کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی بێلایەن وردبینی لە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بکات، بۆی دەردەکەوێت کە لە هەندێ کێڵگەدا تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان تەنانەت کەمترە لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ