فارس عیسا: پێشبینی دەکەم ئەمڕۆ 400 ملیارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەڵێت، هەموو رێکارەکانی ناردنی 400 ملیار دینارەکە لە رێگەی بانکی TBIیەوە بۆ هەرێمی کوردستان تەواوکراون و پێدەچێت ئەمڕۆ پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-03-2023، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە رادیۆی رووداوی گوت، پێشتر بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران شاندێک بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا پێکهێندراوە و شاندەکە هەمان شاندەکەی پێشووە، لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقیشەوە شاندێک بە سەرۆکایەتیی د. محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق پێکهێندراوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو شاندەی ئەمڕۆ یەکشەممە دەچێتە بەغدا شاندێکی تەکنیکیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە سەرپەرشتیی عەبدولکەریم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو شاندەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ یەکشەممە دەچێتە بەغدا شاندێکی تەکنیکییە بە سەرپەرشتیی عەبدولکەریم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 
 
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتی: "لەنێوان هەردوو شاندەکەی هەولێر و بەغدا سێ لیژنەی لاوەکی و تەکنیکی هەن بۆ گفتوگۆکردن و گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پرسی بودجە، دەروازە سنوورییەکان، یاسای نەوت و گازی فیدرالی. گفتوگۆکان بەشێویەکن ئێستا لە بابەتی بودجە نزیکین لە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانەوە کە 12.67٪ دیاریکراوە و لە بابەتی دەروازە سنوورییەکانیش لێکتێگەیشتنی باش هەیە و نزیکین لە رێککەوتن".
 
بەگوتەی فارس عیسا، سەردانی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر رەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز و ئەمڕۆ شاندەکە دەگاتە بەغدا و سبەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وەزارەتی نەوت دەستپێدەکات.
 
فارس عیسا باس لەوە دەکات کە لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر هێڵە گشتییەکانی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز لێکتێگەیشتن هەیە و کار لەسەر ئامادەکردنی رەشنووسەکە دەکەن.
 
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەڵێت، "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دووجار بڕیاری ناردنی 400 ملیارەکەی داوە و دوایینجار بڕیاربووە لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراقی TBI بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت. رۆژی چوارشەممە، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دوایین واژۆی لەسەر گرێبەستەکە کرد و هەندێک لە رێکارەکان مابوون تەواوکران. رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ بانکی ناوەندی و TBI لەسەر هێڵ بووین بۆ تەواوکردنی رێکارەکان و تەنانەت یەک کاژێر دەوامی TBIمان زیادکرد، بەڵام هەندێک رێکاری کەمی ماوە کە ئەمڕۆ کۆتایی پێدەهێنین و پێشبینی دەکەین ئەمڕۆ یەکشەممە پارەکە بگات."
 
لەبارەی دیاریکردنی رێژەی 12.67٪ـی بودجە وەکو پشکی هەرێمی کوردستان، فارس عیسا گوتی، "ئەو رێژەیەی دیاریکراوە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و بڕیارێکی سیاسییە". دەشڵێت، "رێژەکە بەمجۆرە دەبێت تاوەکو سەرژمێریی دانیشتووان دەکرێت و جیاوازییەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێندرێتەوە."