نرخی نەوت بەرزبووەوە بۆ سەروو 112 دۆلار

12-03-2022
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن نرخی نەوت نرخی زێڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی نەوت بەراورد بە رۆژی هەینی کەمێک بەرزبووەوە هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان لە سەروو 112 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، نرخی زێڕیش تاوەکو دێت دادەبەزێت.
 
رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو نرخی نەوت دابەزینێکی بەرچاوی تۆمارکرد و کۆتاییەکانی رۆژەکە بۆ خوار 108 دۆلار دابەزی. لە ناوەڕاستی هەفتە، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتبووە سەرووی 132 دۆلار. رۆژی هەینیشنرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 109 دۆلار و 39 سەنت بوو، نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش بە 106 دۆلار و 23 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەڵام رۆژی شەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان نرخەکانی نەوت کەمێک بەرزبوونەوە و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 112 دۆلار و 7 سەنت مامەڵەی پێودەکرێت. هەروەها بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش بە 109 دۆلار و 3 سەنتە. 
 
هەفتەی رابردوو یەکێک بوو لە پڕسەرکێشیترین هەفتەکان بۆ نرخی نەوت و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت زیاتر لە 33 دۆلار بەرزبووەوە. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی 132 دۆلار دوای گوتاری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بوو کە رایگەیاند، "هەموو هاوردەیەکی نەوت و گاز و وزەی رووسی قەدەخە دەکەین. ئەوە واتای ئەوەیە کە نەوتی رووسیا چی دیکە لە بەندەرەکانی ئەمریکا قبووڵ ناکرێت و بەم جۆرەش خەڵکی ئەمریکا زەبرێکی دیکەی کوشندە لە پووتین دەدات."
 
نرخی زێڕ بەردەوامە لە دابەزین
 
نرخی زێڕیش هەرچەندە لە رۆژانی رابردوودا ئاستێکی مێژوویی تۆمارکرد و هەر ئۆنسەیەک بە دوو هەزار و 75 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام لە کۆتاییەکانی رۆژی چوارشەممەوە دەستی بە دابەزین کرد. 
 
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە نرخی زێڕ بەراورد بە رۆژی سێشەممە نزیکەی 100 دۆلاری لەدەستدا، دواتر لە کۆتاییەکانی رۆژەکەدا چووەوە سەروو 1990 دۆلار. رۆژی هەینیش نرخی هەر ئۆنسەیەک 1993 دۆلار بوو. 
 
ئەمڕۆ شەممە 12-3-2022 نرخی زێڕ زیاتر دابەزی و ئۆنسەیەک بە 1987 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها هەر ئۆنسەیەک زیو بە 25.85 دۆلار مامەڵەی پێودەکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی هەینی نرخی ئۆنسەیەک زیو گەیشتە 26 دۆلار و 65 سەنت.
 
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
 
100 دۆلار بەرامبەرە بە 147 هەزار و 150 دیناری عێراقی
 
یۆرۆ - دۆلار 1.09 EUR/USD
 
پاوەند - دۆلار 1.30 GBP/USD
 
دۆلار - یەن 117.199 USD/JPY
 
دۆلار - لیرە 14.77 USD/TRY
 
یەک دۆلار - ریاڵ (تمەن) 26 هەزار و 420 تمەن USD/IRR
 
یەک دۆلاری ئەمریکی 127.521 روبڵی رووسی

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە