رووداو دیجیتاڵ
نووسراوی پێدانی 100 هەزار دینارەکە بە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرا.
بەگوێرەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014، کەمترین مووچەی خانەنشینی 400 هەزار دینارە، لەگەڵ 100 هەزار دیناری دیکە بەناوی سەختی گوزەران.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 24-10-2023 بڕیاری دا 100 هەزار دیناری دیکەش بدرێتە ئەو خانەنشینانەی کە مووچەیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە، بەمەش کەمترین مووچەی خانەنشینی لە عێراق بووە 600 هەزار دینار.
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی ئەو 100 هەزار دینارەی خەرج دەکرد، بەڵام دوای جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، ئەو 100 هەزار دینارە بڕاوە.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 12-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی 10 ئەم مانگە نووسراوی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، تێیدا داوای کردووە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران هەموار بکرێتەوە و 100 هەزار دینارەکە خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، کە مووچەکانیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری رۆژی پێنجشەممە 06-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نووسراوی فەرمی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، بۆئەوەی ئەو 100 هەزار دینارەی مانگانە بۆ خانەنشینانی عێراق خەرج دەکرێت، خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
بە گوتەی سۆران عومەر، لەسەر هەمان پرس لەگەڵ سەرۆکی دەستەی خانەنشینانی عێراق قسەی کردووە، بەڵام ئەو پێی راگەیاندووە بڕیارەکە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێداوە و تایبەتە بە خانەنشینانی عێراق.
سەرۆکی دەستەی خانەنشینان پێشنیازی کردووە، لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق قسە بکرێت بۆ هەموارکردنەوەی بڕیارەکە بە شێوەیەک کە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ