رووداو دیجیتاڵ
رووسیا ئاراستەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لە ئەوروپاوە بۆ ئاسیا گۆڕیوە. ساڵی رابردوو هەناردەی کاڵای بۆ ئەوروپا 68٪ کەمکردووەتەوە و بۆ ئاسیاش 5.6٪ زیادیکردووە. هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەوروپا کڕینی نەوت و گازی رووسی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە.
ئیدارەی گومرگەکانی رووسیا رۆژی دووشەممە، 12-02-2024، رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا هەناردەی کاڵای رووسی بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا ٪68 دابەزیوە. لەو ساڵەدا، رووسیا بە بەهای 84 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی ئەوروپا کردووە.
رووسیا دەڵێت، هەر لە ساڵی 2023ـدا هاوردەی کاڵاشی لە ئەوروپاوە 12.3٪ دابەزیوە و بە بەهای 78 ملیار دۆلار کاڵای لە وڵاتە ئەوروپییەکانەوە هێناوەتە وڵاتەکەی.
لە بەرامبەردا، وەک گومرگی رووسیا دەڵێت، هەناردەی کاڵای رووسی بۆ وڵاتانی ئاسیا 5.6٪ زیادبووە و لە ساڵی 2023ـدا بە بەهای 306 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار کاڵای رووسی هەناردەی ئاسیا کراوە.
ئیدارەی گومرگەکانی رووسیا باسی لەوەشکردووە، هاوردەی کاڵای ئاسیا بۆ وڵاتەکەیان 29.2٪ لە 2023ـدا زیادبووە و بە بەهای 187 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار کاڵایان لە وڵاتانی ئاسیاوە هاوردە کردووە.
بەهۆی هێرشی سەر ئۆکرایناوە، وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی تووندیان بەسەر رووسیا سەپاندووە، بەتایبەت لە بابەتی هاوردەی نەوت و گازی رووسی. بەوهۆیەوە، رووسیا ئاراستەی بازرگانی و هەناردەی لە ئەوروپاوە بۆ ئاسیا گۆڕی.
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی ئاماری گومرگەکانی چین، لە ساڵی 2023 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان چین و رووسیا 26٪ زیادبووە و گەیشتووەتە 240 ملیار دۆلار. لەو بڕەش، نزیکەی 80 ملیار دۆلار هەناردەی کاڵای رووسیا بۆ چین بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو بانکی ناوەندیی رووسیا رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە مێژووی رووسیادا، لە هەژمارە بانکییەکانی ئەو وڵاتە دانانی پارە بە یوانی چینی زیاتر بووە لە دۆلاری ئەمریکی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ