سعودیە پشت لە نەوت دەکات؛ داوا لە ئارامکۆ دەکات فراوانکردنی بەرهەمهێنان رابگرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزەی سعودیە دەڵێت، بۆ وازهێنان لە نەوت و رووکردنە وزەی پاک، پلانی فراوانکردنی چالاکییە نەوتییەکانی ئارامکۆیان وەستاندووە، بەڵام توانای زۆریان هەیە بۆ گۆڕینی ئاراستەی بازاڕی نەوت.
رۆژی 30ـی مانگی رابردوو، حکومەتی سعودیە داوای لە ئارامکۆ، کۆمپانیای نەوتی وڵاتەکەی کرد پلانی فراوانکردنی بەرهەمهێنانی نەوت رابگرێت.
ئارامکۆ پلانی هەبوو تاوەکو ساڵی 2027، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێنێتە 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە.
بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە، 12.2.2024، سەلمان بن عەبدولعەزیز، وەزیری وزەی سعودیە رایگەیاند: "بۆیە ئەو پلانەمان دواخست، چونکە خەریکی گواستنەوەین [لە بواری وزە]."
سەلمان بن عەبدولعەزیز دەڵێت، جگە لەو پلانە، ئارامکۆ وەبەرهێنانی دیکەی هەیە بیکات، لەنێویاندا نەوت، گاز، پترۆکیمیاییەکان و وزە نوێیەکان.
ئەو هەنگاوەی سعودیە لەکاتێکدایە، وڵاتەکە ئامانجیەتی تاوەکو ساڵی 2060، ئاستی دەردانی گازە زیانبەخشەکان نەهێڵێت.
لای خۆشیەوە، ئارامکۆ دەیەوێت تاوەکو 2050 هەمان ئامانج لە چالاکییەکانی پەیوەست بە کۆمپانیاکە بەدی بهێنێت.
شازادە سەلمان گوتی، سعودیە "توانایەکی یەدەگی زۆری" هەیە لە بواری نەوت کە دەتوانێت هاوکاریی بازاڕی ئەو کاڵا ستراتیژییە بکات لە ئەگەری هەر پچڕانێکی هەناردەی نەوت بەهۆی شەڕ یان کارەساتە سرووشتییەکانەوە.
باس لەوەشدەکات، "ئامادەین بۆ زیادکردن و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، یان هەرچییەک پێویستیی بازاڕ بیخوازێت".
ئەمە لەکاتێکدایە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بۆ "پاراستنی سەقامگیریی بازاڕی نەوت"، سعودیە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی ملیۆنێک بەرمیلی رۆژانە کەمکردووەتەوە و ئێستا نزیکەی 9 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەرهەمدەهێنێت.
سعودیە گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهانە و رۆژانە نزیکەی 6 ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات.
بەڵام محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە رێگەی دیدگای 2030ـەوە هەوڵدەدات ئابووریی وڵاتەکە لە پشتبەستن بە نەوت و گاز کەمبکاتەوە و سعودیە بکاتە ناوەندێکی گەشتیاری، سەرمایەداری و وەرزشی.
ناوەندی ئاماری سعودیە رۆژی چوارشەممە، 31-01-2024، رایگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی نەوتەوە، ئابووریی سعودیە لە چارەکی سێیەمی ساڵی رابردوودا 3.7٪ پاشەکشەی کردووە.
ناوەندی ئاماری سعودیە دەڵێت، لەکاتێکدا لە چارەکی سێیەمی 2023 داهاتی نانەوتیی سعودیە 4.3٪ گەشەی کردووە، بەڵام داهاتی نەوتیی سعودیە 16.4٪ دابەزیوە لەسەر ئاستی ساڵانە.