رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئیسرائیل رایگەیاند کۆتایی بە زنجیرەیەک هێرش هێنا بۆ سەر باشووری غەززە، نرخی نەوت دابەزی.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 12-2-2024) لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت 43 سەنت دابەزی و بە 81 دۆلار و 76 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 46 سەنت دابەزی و بە 76 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
گرژی و ئاڵۆزییەکان بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە غەززە و، ئەگەری پەرەسەندنی ئەو شەڕە ببوونە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەڕێژەی 6٪ـی لە هەفتەی رابردوودا.
هەرچەندە ئەگەری تەشەنەکردنی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوام دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە نەوتی ئەمریکا، کاریگەری نەرێنییان لەسەر نرخەکانی نەوت داناوە.
کۆمپانیا نەوتییەکان لە ئەمریکا ژمارەی سەکۆ نەوتییەکانیان زیادکردووە و، قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا بەرزبووەوەتە بۆ رۆژانە 13.3 ملیۆن بەرمیل، کە بە ئاستێکی پێوانەیی بۆ نەوتی ئەمریکا هەژمار دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ