دۆمینە و دۆلار؛ سزادانی دامەزراوە داراییەکان کاریگەری لەسەر بەهای دینار دەبێت؟


رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێساو یاساکانی حەواڵەکارییەوە، بانکی ناوەندی سێ دامەزراوەی دارایی نابانکی سزادا، بەوەش ژمارەی بانک و دامەزراوە داراییە سزادراوەکان گەیشتنە 84 دامەزراوە و بانک.
 
کۆمپانیاکانی ئەموال، قاسە، ساقی، ئەو سێ دامەزراوەیەن کە بەمدواییانە سزا دراون، پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ لەگەڵ ئەو سێ دامەزراوەیە 15 دامەزراوەی دیکەش سزابدرێن.
 
سزای ئەو دامەزراوە و بانکانە، داخستن و بێبەشکردنیانە لە دۆلار و 5 دراوەکەی دیکە کە بریتین لە (یۆرۆ، روپییەی هیندی، ریاڵی سعودی، درهەمی ئیماراتی، دیناری ئوردنی).
 
ئێستا لە عێراق 64 بانک و 101 دامەزراوەی دارایی بانکی و نابانکی هەن، کە 70یان دامەزراوەی دارایی بانکین و 31یشیان نابانکین، هاوکات زیاتر لە 67 هەزار کۆمپانیا هەن کە کاروباری داراییان لە رێگەی ئەم دامەزراوانەوە رێکدەخرێن.
 
کۆمپانیا هەیە یەک دامەزراوە بە تەنیا کار بۆ ئەو دەکات، بۆیە داخستنی ئەم بانک و دامەزراوانە کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕی دراو و نرخی دینار هەیە لە بەرامبەر دۆلار، بە سزادانی ئەم سێ دامەزراوەیە، ئەگەر نرخی دیناریش زۆر دانەبەزێنێت لە بەرامبەر دۆلار، ئەوا رێگریی دەکات لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە بەرامبەر دۆلار، چونکە کۆمپانیا و بازرگانەکان ناچار دەبن تاوەکو دامەزراوەیەکی دیکە کارەکانیان بۆ دەکات، پەنا ببەنە بەر ئەو دۆلارەی کە لە بازاڕی ئازاددا هەن.
 
بەهۆی تووندکردنەوەی رێسا و رێکارە داراییەکان و پابەندنەبوونی ئەو بانک و دامەزراوانە، بەردەوام ژمارەی سزادراوان لە هەڵکشاندایە، ئەوەتا 32 بانک و 49 دامەزاروەی دارایی بانکی و سێ دامەزراوەی دارایی نابانکی سزادراون.
 
ئەم دامەزراوانە لە 1/1/2025ـەوە تاوەکو 1/1/2026 دەرفەتیان لە بەردەمدایە تاوەکو پەرێزی خۆیان پاکبکەنەوە و بتوانن بڕۆنەوە نێو سیستمی بانکی و چالاکییەکانیان ئەنجامبدەن، ئەگەر نا بە تەواویی دادەخرێن.