سامانە سرووشتییەکان: حکومەتی عێراق 50 ملیۆن لیتر نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کرد

12-01-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و لەسەر داوای ئەو، حکومەتی عێراق بڕیاری دا 50 ملیۆن لیتر نەوتی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان بکات و نرخی هەر لیترێکیش لە 750 دینارەوە بۆ 500 دینار کەمکرایەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-1-2023، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاروانی یەکەمی ئەو بڕە نەوتە گەیشتووەتە هەولێر و "وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەم بڕە نەوتە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بە هەمان نرخی دابینكراو دابەش دەكات."
 
لە راگەیێندراوی وەزارەتەکەدا هاتووە، "پاش سەردانەكەی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لە 11ـی ئەم مانگە بۆ بەغدا كە چەندین بابەتی تایبەت بە كێشە هەڵپەسێردراوەكان گفتوگۆیان لەبارەوە كرا،  تەوەرێكی ئەم گفتوگۆیانە تایبەت بوو بە دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان. بە خۆشحاڵییەوە توانرا بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت."
 
رۆژی چوارشەممە، 11-1-2023، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا. لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا مەسرور بارزانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە، دواتریش لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی دیکە، ئەنجوومەنی دادوەری، ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتیی کۆمار کۆبووەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان باس لەوە دەکات، "پێشتر نرخی هەر لیترێك نەوتی سپی بە 750 دینار دەستنیشان كرابوو، جەنابی سەرۆكی حكومەت لەم سەردانەیدا داوای كرد ئەم نرخە بۆ هاووڵاتییانی كەمبكرێتەوە، بۆیە وەزارەتی نەوتی عێراق رازیبوو ئەم نرخە بۆ 500 دینار بۆ هەر لیترێك كەمبكاتەوە."
 
یەکەم کاروانی نەوتەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتە هەولێر. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، "ئەم بڕە نەوتە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بە هەمان نرخی دابینكراو دابەش دەكەین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی دەڵێت وەستانی هەناردەی نەوت بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا، 20 ملیار دۆلار زیانی بە داهاتی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە.