هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی زیاتر لە ساڵێک دابەزی

12-01-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە مانگی رابردوو، هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا دابەزی، بەوەش شەشەمین مانگی لەسەریەکە دابەزین تۆماردەکات. بەهۆی ئامارەکەشەوە نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی هەشت مانگی رابردوو بەرزبووەوە.
 
وەزارەتی کاری ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، 12-01-2023، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2022ـدا، رێژەی هەڵاوسان بۆ 6.5٪ دابەزیوە، ئەوەش کەمترین ئاستە لە دوای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021ـەوە.
 
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا 7.1٪ بوو. وەزارەتی کار لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، "پێنوێنیی نرخی بەنزین تائێستا گەورەترین هۆکاری دابەزینی نرخەکان بووە".
 
ئەمە شەشەمین مانگی لەسەریەکە رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا دادەبەزێت و، رەنگە ئەوەش زیادکردنی بەرچاوی نرخی سوودی بانکی لە لایەن بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتەوە خاوبکاتەوە، چونکە دەکرێت ئەم دابەزینە بەرچاوەی هەڵاوسان بە واتەی بەسەرچوونی بەرزبوونەوەی نرخەکان بۆ ئاستی لووتکەی خۆیان بگەیێنێت.
 
مات کۆلیار، ئابووریناسی ئەمریکی دەڵێت، دابەزینی هەڵاوسان رەوتێکی هاندەرانەیە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئامارەکان لە لووتکەی ئاستی خۆیان دابەزیون.
 
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022ـدا و بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراک و وزە بەهۆی شەڕی ئۆکرایناوە، رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ 9.1٪ بەرزبووەوە کە بەرزترین ئاست بوو لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا.
 
هەرچەندە هەڵاوسان لەوکاتەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەڵام هێشتا دوورە لە ئامانجی بانکی ناوەندیی وڵاتەکە، کە دەیانەوێت رێژەکە بۆ 2٪ دابەزێنن.
 
لەدوای رووداوەکە، نرخی زێڕ زیاتر لە دۆلار بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 1892 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەوەش بەرزترین ئاستیەتی لە ماوەی زیاتر لە هەشت مانگی رابردوودا.
 
بەرزبوونەوەی زێڕ پەیوەندی بەوە هەیە کە رەنگە بەهۆی دابەزینی رێژەی هەڵاوسانەوە بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاربدەن لە کۆبوونەوەی داهاتوودا نرخی سوودی بانکی بە رێژەیەکی کەمتر لە ئاستی پێشبینییەکان بەرزبکەنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.