وەزارەتی کشتوکاڵ: دوای پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ هێلکە دەنێرین بۆ عێراق
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژانە پێداویستیی ناوخۆیی هێلکە 7000 کارتۆنە، لەو بڕە زیاتر بەرهەمی بێنن، هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراقی دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 12-1-2023، وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی هێلکە، 11ـى کانوونى دووەمى 2023، عەباس علەییاوى، وەزیرى کشتوکاڵ بڕیاری داوە بە رێگەدان بە هاوردەکردنی هێلکە لە کێڵگەکانى پەلەوەر لە هەرێمى کوردستان بۆ پارێزگاکانى دیکەى عێراق و بە پێچەوانەوە.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئێمە پێشتریش هێلکەمان هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرد، بەڵام ئاسانکاریمان بۆ نەدەکرا، ئێستا ئاسانکاریی باش دەکرێت و هەناردەکردنی ناوێکی فەرمی لێنراوە و ئەوەش کارێکی باشە، بازاڕی عێراق بازاڕێکی باشە بۆ ئێمە و 50٪ـی بەرهەمهێنانمان دەچێتە ئەوێ."
پێداویستیی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان رۆژانە 7000 کارتۆن هێلکەیە، فیراس سدیق دەڵێت: "بەرهەمهێنان رۆژانە دەگۆڕێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پێداویستیی ناوخۆی لێ دەردەهێنین و ئەوەی دەمێنێتەوە هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکەین."
بەهۆی کاریگەریى دابەزینى بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر دۆلار، نرخى هێلکە لە بازاڕەکانى عێراق بەرزبووەتەوە، پێشتر تەبەقێک هێلکە بە کەمتر لە 7000 دینار بوو، ئێستا گەیشتووەتە سەرووی 8500 دینار.
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش یەک تەبەقە هێلکە بە 6500 دینارە. لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی هێلکە، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ گوتی: "لە وڵاتانی دەوروبەریش نرخی هێلکە گرانبووە، ئەم ماددە خۆراکییانە کە لە وڵاتانی دەوروبەر گران دەبێت، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت."
لە هەرێمى کوردستان ساڵانە دوو ملیار و 500 هەزار هێلکە و 300 هەزار تۆن گۆشتى مریشک بەرهەم دەهێندرێت، لە کاتێکدا پێویستیى نێوخۆى هەرێمی کوردستان لە هێلکە یەک ملیار و بۆ گۆشت 100 بۆ 150 هەزار تۆنە.
پێچەوانەی هێلکە، نرخی مریشک دابەزیوە. لەوبارەوە فیراس سدیق گوتی: "مریشکی گۆشت جیاوازە لە مریشکی هێلکە، واتا دوو پڕۆژەی جیاوازن، مریشکی گۆشت بە 40 رۆژ دەگاتە بەرهەم و دەفرۆشرێت ئەمەی دەفرۆشرێت تایبەتە بە گۆشت نەک هێلکە، بەڵام هێشتا زەرەری خاوەن پڕۆژەکانە کە بەو نرخەی ئێستا بیفرۆشن."
ئەنوەر جەلال، مریشکفرۆش لە هەولێر لەبارەی نرخی مریشک بە رووداوی گوت، مریشکمان لە دهۆکەوە بۆ دێت؛ بەراورد بە رابردوو کە نرخی کیلۆیەک 4500 دینار بوو، ئێستا نرخەکەی دابەزیوە و لە هەندێک شوێن بە 2000 دینارە یان 2500 و 2700ـە.
ئەنوەر جەلال گوتیشی: "پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریی خاوەن پڕۆژەکانی دەکرد بۆ دابینکردنی ئالیک و پێداویستییەکانی دیکە، بەڵام ئێستا خاوەن پڕۆژەکان دەبێت خۆیان بیکڕن و نرخیشی گران بووە، بۆیە فرۆشتنی بەو نرخەی ئێستا زەرەری خاوەن پڕۆژەکانە و لە 250 دینار زیاتر قازانج ناکەن."
سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، نرخی مریشک لە سلێمانیش دابەزیوە، ئێستا کیلۆیەک مریشک بە 2350 دینارە و فرۆشتنی بەو نرخە لە زەرەری خاوەن پڕۆژەکانە، هۆکاری ئەو دابەزینەش بەهۆی زۆری مریشکە لە بازاڕەکان، خاوەن پڕۆژەکان مریشکێکی زۆریان خستووەتە بازاڕ و ئەوەش وایکردووە نرخی دابەزێت.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 10 هەزار دووکانی فرۆشتنی مریشک هەن؛ مانگی رابردوو نرخی یەک کلیۆ مریشک لەو دووکانانە گەیشتە چوار هەزار و 500 دینار.
لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی 2300 پەلەوەرخانە هەن؛ نزیكەی 950یان لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕینن.