گوتاری سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا نرخی نەوتی بۆ سەرووی 83 دۆلار بەرزکردەوە

رووداو دیجیتاڵ 
 
رۆژی چوارشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بەرزبووەوە. هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ گوتارەکەی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە رایگەیاندووە ئابووریی ئەمریکا بەردەوامە لە بەهێزبوونەوە و بەرگەی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەگرێت.
 
جیرۆم پاوڵ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەسەرخۆ دەبێت و قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێدەکرێت.
 
گوتارەکەی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە چەشنێک لە چەشنەکان بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران پێشبینی بکەن کە خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو لە ساڵی 2022 دا بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە.
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 12-1-2022 نرخی نەوتی برێنت 22 سەنت بەرزبووەوە هەر بەرمیلێک بە 83 دۆلار و 94 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 38 سەنت بەرزبووەوە بە 81 دۆلار و 60 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری نەوتی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئۆاندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "گوتارەکەی جێرۆم پاوڵ سەبارەت بەوەی کە رێگەی ئاسایی بوونەوەی ئابووریی ئەمریکا رێگەیەکی درێژە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا پاڵپشتی گەورە بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە.
 
سەرەڕای ئەوەش ئامارەکانی پەیوەست بە کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی یەدەکگراوی ئەمریکا پێشانی دەدەن خواست بۆ نەوتی خاو کەمترە لە ئاستی چاوەڕوانییەکان.
 
بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا قەبارەی نەوتی کۆگاکرا لەو وڵاتە 1.1 ملیۆن بەرمیل لە هەفتەی رابردوو کەمیکردووە، لە کاتێکدا پێشبینیدەکرا قەبارەی نەوتی کۆگاکراو 1.9 ملیۆن بەرمیل کەمبکات.
 
لەگەڵ ئەوەشدا داتاکانی کارگێری زانیاری وزەی ئەمریکا خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو لە ساڵی 2022 بەبڕی رۆژانە 840 هەزار بەرمیل زیادیکردووە بەراورد بە ساڵی رابردوو.
 
پێشتر کارگێڕیی زانیاری وزەی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەمساڵدا 700 هەزار بەرمیل زیاد دەکات.
 
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1818 دۆلار بەرزبووەوە 
 
پێدەچێت شەڕی نرخی زێڕ لەگەڵ رێژەی هەڵاوسان براوەکەی نرخی زێڕ بێت، ئەمڕۆ چوارشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی زێڕ بۆ 3 رۆژی یەک لە دوای یەک بەرزبووەوە. نرخی هەر ئۆنسە زێڕ رۆژی چوارشەممە 19 دۆلار بەرزبووەوە بە 1818 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
هەرچەندە پێشبینی دەکرێت کە رێژەی هەڵاسان لە ئەمریکا لە مانگی 12 زیاتر بەرزبێتەوە و 6.8٪ ی مانگی 11 تێپەڕێنێت، بەڵام جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی رایگەیاندووە کە بەخێرایی رێژەی سوودی بانکی بەرزناکەنەوە.
 
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەروەها دوای ئەوە دێت کە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە ئەمڕۆ چوارشەممە دابەزی. بۆ نموونە بەهای یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە بۆ 1.137 دۆلار.
 
دابەزینی بەهای دۆلار بە شێوازی نەریتی دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکانی وەک زێڕ و نەوت.
 
نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
 
100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 200 دیناری عێراقی
 
یۆرۆ - دۆلار 1.137 EUR/USD
 
پاوەند - دۆلار 1.346 GBP/USD
 
دۆلار - یەن 115.372 USD/JPY
 
دۆلار - لیرە 13.76 USD/TRY
 
یەک دۆلار - ریاڵ (تمەن) 28 هەزار و 200 تمەن USD/IRR
 
نرخی زێڕی عەیار 24 بە 430 هەزار دینارە
نرخی زێڕی عەیار 22 بە 395 هەزار دینارە
نرخی زێڕی عەیار 21 بە 378 هەزار دینارە
نرخی زێڕی عەیار 18 بە 323 هەزار دینارە