وەرگرتنی پارە لەو هەژمارانەی تویتەر کە پشتڕاستکراونەتەوە، دەستپێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای تویتەر رایگەیاند لە رۆژی دووشەممەوە دەست بە پێدانی هێمای شینی پشتڕاستکردنەوەی هەژمارەکان دەکاتەوە بە بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە و نرخەکەیشی هەشت دۆلار دەبێت بۆ مانگێک.
تویتەر ئەمڕۆ یەکشەممە، 11-12-2022 ئاماژەی بەوە کردووە، نرخی پێدانی هێمای شینی پشتڕاستکردنەوەی هەژمارەکان بۆ بەکارهێنەرانی ئەپڵ گرانترە، بە 11 دۆلارە و لە رێگەی ئەپڵ کاردەوە پارەکە دەدەن، بۆ کەسانی دیکەش کە سیستمەکانی دیکە بەکاردەهێنن، هەشت دۆلارە.
کۆمپانیای تویتەر دەڵێت، لە بەرامبەر پێدانی ئەو هێمایە بە هەژمارەکان، بەکارهێنەران لەوە بەدواوە دەتوانن تویتەکانیان ئیدیت بکەن و راستی بکەنەوە ئەگەر لە پۆستکردنی رستەیەکدا تووشی هەڵە بوون.
یەکێکی دیکە لەو خزمەتگوزارییانەی کە تویتەر دەیداتە هەژمارە پشتڕاستکراوەکانی، توانای دانانی ڤیدیۆی کوالێتی بەرزی 1080 پێکسڵە.
هێمای شین پێش ئەوەی ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بکڕێت، بەو بەکاربەرانە دەدرا کە رۆژنامەڤان، بەرپرسی حکومی یان کەسایەتیی ناوداربوون و بە خۆڕاییش بوو، بەڵام کۆمەڵێک مەرجی تایبەتی هەبوو. ئێستا بۆ بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر و وەک سیاسەتێکی نوێ، تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڕیاریداوە هێمای پشتڕاستکردنەوە بە پارە بداتە بەکارهێنەران.
پێدانی هێمای پشتڕاستکردنەوەی هەژمارەکان کە لە کوردیدا بە "سەحە شینەکە" ناسراوە، دوای ئەوەی مەسک تویتەری لە مانگی 10 کڕی بۆ چەند رۆژێک بە 8 دۆلار جێبەجێکرا، بەڵام ئەو هێمایە لە هەندێ دۆخدا و لەلایەن ژمارەیەک بەکارهێنەری تۆڕەکەوە "بە خراپ" کەڵکی لێوەرگیرا و چەندین هەژماری ساختە وا خۆیان نیشان دەدا کە کەسانی بەنێوبانگ بن، بۆیە لەلایەن ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەوە بەکارهێنانی هەڵپەسێردرا.
بە گوتەی تویتەر، هێمای پشتڕاستکردنەوەی هەژمارەکان لە ماوەی هەفتەکانی داهاتوودا، بۆ هەژماری بزنس دەبنە ئاڵتوونی و بۆ رێکخراوەکان دەبنە رەساسی.