وەزارەتی دارایی رێنوێنیی نوێ بۆ خەرجکردنی دەرماڵە رادەگەیێنێت

11-12-2021
ژیار حەکیم
ژیار حەکیم @zhyar_hakim
 بەشداریکردنی بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە بەرنامەی نیوڕۆژی رووداو
بەشداریکردنی بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە بەرنامەی نیوڕۆژی رووداو
نیشانەکردن دەرماڵەی خوێندکاران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە سبەی یەکشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رێنوێنیی نوێ لەبارەی خەرجکردنی دەرماڵەی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان دەربکات. بەڕێوەبەری کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، بڕی ئەو پارەیەی دەدرێتە خوێندکاران وەکو کاتی 2014 دەبێت و لە 01-01-2022 پرۆسەکە دەستپێدەکات.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو بڕیارە کۆمەڵێک رێنوێنیی نوێ بۆ پێدانی دەرماڵە دەربچێت، بەپێی یاسا سەرجەم خەرجییەکانی حکومەت پێویستی بە رێنوێنیی دارایی هەیە بە دەرماڵەشەوە، دوایین رێنوێنیی دارایی بۆ دەرماڵە ساڵی 2014 کاری پێکراوە و وەستێنراوە، بەڵام بڕیارە وەزارەتی دارایی سبەی رێنوێنیی نوێ بۆ دەرماڵە دەربکات.
 
ئەوە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دا لەسەر خەرجکردنی بڕی حەوت ملیار و 250 ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا وەکو پاڵپشتیی دارایی.
 
د. توانا نەجم، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نیوڕۆژی تەلەڤزیۆنی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشكێشی دەکات رایگەیاند، رەشنووسێکیان ئامادە کردووە کە بڕی ئەو پارەیەی بە خوێندکاران دەدرێت کەمتر نەبێت لەو پارەیەی کە پێش 2014 پێیان دراوە.
 
لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا د. توانا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پارەیەی کە دەدرێتە خوێندکاران دەرماڵە نییە و وەکو پاڵپشتییە، پێشتر خوێندکارانی زانکۆلاین وەریانگرتووە، واتە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە لە بەشەناوخۆییەکان دەمێننەوە 60 هەزار دینار و ئەوانەشی لە بەشەناوخۆیی نامێننەوە 100 هەزار دینار، هەروەها بۆ خوێندکارانی ناوەوەی شارەکە 40 هەزار دینار دەبێت. پرۆسەکەش لە 01-01-2022 دەستپێدەکات.
 
بە گوتەی د. توانا، ئەو پارەیەی کە لەلایەن وەزارەتی دارایی وەکو پاڵپشتی تەرخانکراوە، بە تەواوی بەشی ئەوە ناکات کە بدرێتە خوێندکاران و پێداویستیی بەشەناوخۆییەکانیش پڕ بکاتەوە، بەڵام دەبێت بە باشی بەڕێوەببرێت و هەر خەرجییەک پێویستتر بوو، بەشێكی پارەکە بۆ ئەوە تەرخانبکرێت. 
 
سەبارەت بە چارەسەری کێشەی بەشەناخۆییەکان، د. توانا نەجم گوتی، داوایان لە سەرۆکی زانکۆکان کرد بوو کە لە ماوەی 48 کاژێردا پێداویستییەکانی بەشەناوخۆییەکانیان بۆ بنێردرێت، ئەوانیش داواکەیان جێبەجێکردووە. دواتر تیمێک لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی وەزارەتی دارایی کردووە گفتوگۆیان لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکە کردووە.
 
خەرجکردنی ئەو پارەیە دوای ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆ بوو کە داوایان کرد دەرماڵەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە و کێشەکەیان چارەسەر بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە