یەکەم شەقام بۆ بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە کاتی لێخوڕیندا دروستدەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

دروستکردنی یەکەم رێگەی زیرەک لە جیهان تەواو بوو؛ تایبەتمەندیی ئەو رێگەیە ئەوەیە کە لە کاتی رۆیشتنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەسەریدا پاتریی ئۆتۆمبێلەکە راستەوخۆ بارگاوی دەبێت، بەوەش پێویست ناکات شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە لە خەمی بارگاویکردنی پاتریی ئۆتۆمبێلەکەی بێت، چونکە ناچار نابێت لە وێستگەی تایبەتدا بوەستێ بۆ بارگاویکردنەکە پاتری ئۆتۆمبێلەکەی.
 
رێگە زیرەکەکە ناوی "ئارینا دێل فوتورۆ"ی لێنراوە و بۆ تاقیکردنەوە دروستکراوە، بۆیە تەنیا یەک کیلۆمەتر درێژە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە شێوەی بازنەیی دروستکراوە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان بتوانن بەخێرایی لەسەری بڕۆن.
 
رێگەکە چۆن پاتری ئۆتۆمبێلەکان بارگاوی دەکات؟
 
سیستەمی کارکردنی رێگەکە کە گرووپی کۆمپانیاکانی ستیلانتس بە هاوبەشی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک بۆ تاقیکردنەوە لە ئیتاڵیا دروستیکردووە، بریتییە لە دانانی کێبڵی دابینکردنی وزەی کارەبا بە درێژایی رێگەکە؛ بۆیە لە کاتی هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە رێگەکە بە بێ وایەر و بە شێوازی شەپۆل کارەبا دەگەیێنێتە پاتریی ئۆتۆمبێلەکە، بەڵام دەبێ ئۆتۆمبێلەکە ئامێرێکی تایبەتی تێدا بێت بۆ وەرگرتنی ئەو شەپۆلانە، ئەوەش سیستەمێکە چەند ساڵێکە بۆ بارگاویکردنی پاتریی مۆبایل تاقیکراوەتەوە و تا رادەیەکی زۆریش سەرکەوتوو بووە.
 
کردنەوەی رێگەی "ئارینا دێل فوتورۆ" سەرەتای قۆناخی سێیەمی پرۆژەکەیە، کە لە بەرامبەر رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکانی میلان و بریشیا لە ئیتاڵیا دروستکراوە؛ رێگەکە تەنیا یەک مێگاوات کارەبای پێویستە بۆ ئەوەی کار بکات.
 

تایبەتمەندییەکانی دیکەی رێگە زیرەکەکە:
 
گرووپی کۆمپانیاکانی ستیلانتس دەڵێت، پەیوەندیی راستەوخۆ و پێشکەوتووی نێوان رێگە زیرەکەکە و ئۆتۆمبێلە زیرەکەکان کە لەسەری هاتووچۆ دەکەن یارمەتیدەر دەبێت بۆئەوەی گیانی شۆفێر و سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکان بپارێزرێت؛ ئەو پەیوەندییەش لە رێگەی ئەنتەرنێتەوە دەبێت.
 
ئاننا لیز ریچارد، بەرپرسی بەشی ئایتی لە گرووپی کۆمپانیاکانی ستیلانتس لەبارەی پرۆژەی رێگە زیرەکەکە دەڵێ: "ئەوە چارەسەرێکی پێشکەوتووە بۆ کێشەکانی قەبارەی پاتری و بارگاویکردن، چونکە ئەو رێگەیە بە تایبەتمەندیی بارگاویکردن بەبێ وەستان، کێشەی لەدەستدانی کات و قەبارەی پاتریی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان چارە دەکات".
 
تاقیکردنەوەی رێگەی زیرەک
 
لە تاقیکردنەوەی رێگەی "ئارینا دێل فوتورۆ" دوو جۆری نوێی ئۆتۆمبێل بەکاردەهێندرێن؛ یەکەمیان ئۆتۆمبێلی (فییات 500) و دووەمیان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری جۆری (Iveco E-Way) یە؛ ئۆتۆمبێلەکان تاوەکو ئێستا چەند کیلۆمەترێک لەسەر رێگەکە رۆیشتوون و کۆمپانیای خاوەن پرۆژەکە دەڵێ: ئەنجامەکان تاوەکو ئێستا دڵخۆشکەرن.