رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی دووشەممە درێژەی دا بە دابەزینەکانی هەفتەی رابردووی خۆی.
ئەمڕۆ (دووشەممە) نرخی نەوتی برێنت 31 سەنتی دیکە دابەزی و یەک بەرمیلی بە 73 دۆلار و 56 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 38 سەنت دابەزی و بە 70 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
دوو هۆکاری سەرەکی لەپشت دابەزینی نرخی نەوتن کە ئەمانەن؛ هاندانە ئابوورییەکانی چین نەیانتوانی دڵی بازرگانانی نەوت خۆش بکەن، هەروەها مەترسیی پچڕانی نەوت بەهۆی باهۆزی رافائیل، کەمبووەتەوە.
رۆژی هەینی لە کۆبوونەوەی پێشتری بازاڕ، نرخەکانی نەوت بەڕێژەی 2٪، بەهای خۆیان لەدەستدابوو.
تۆنی سایکامۆر، شارەزای بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "لە کۆنگرەی نیشتمانیی خەڵک (لە چین)، کە رۆژی هەینی بەڕێوەچوو، هاندانەکان نەیانتوانی بازاڕ بجووڵێنن و ببنە هۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر سووتەمەنی."
بانکی (ئەی ئێن زێد)ـی ئۆسترالی - نیوزلاندی لەبارەی نرخەکانی نەوتەوە رایگەیاند، "لەڕووی بودجەدانانەوە، هاندانێکی دیاریکراو لە کۆنگرەی نیشتمانیی خەڵک لە چین پێشنیازنەکرا."
بانکەکە دەڵێت ئێستا چاوی بازرگانانی نەوت لەسەر سیاسەتی ئابووریی ئیدارەی نوێی ئەمریکایە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان ئەمساڵ خواست و قەبارەی بەکارهێنانی نەوت لەلایەن چینەوە هیچ گەشەیەکی بەخۆیەوە نەبینیوە.
باهۆزی رافائێل 25٪ـی بەرهەمی نەوت و 16٪ـی بەرهەمی گازی سرووشتیی کێڵگە نەوتییەکانی ئەمریکای لە کەنارە ئاوییەکانی مەکسیک کەمکردووەتەوە، بەڵام بەپێی ئاژانسەکانی کەشوهەوا، زیانەکانی باهۆزەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا کەمدەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ