وەزیری نەوتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی وەزیری نەوت و تیمێکی وەزارەتی نەوتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
ئەمڕۆ (شەممە 11-11-2023) حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و تیمێکی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، "سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و ئەم سەردانە لە سەر رێککەوتنی هەردوو سەرۆکوەزیران بووە تاوەکو بێنە ئێرە و لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیەی نەوتی هەرێم و کێشەکانی پێکەوە چارەسەر بکەن".
 
بەگوێرەی راگەیێنراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکان؛ کێشەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمە و بۆ ئەم پرسە، شاندەکە دوو بۆ سێ رۆژ دەمێننەوە".
 
رۆژی چوارشەممە، 08-11-2023، بۆ یەکەمجار بەرپرسانی وەزارەتی نەوتیی حکومەتی عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکور) کۆبوونەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە نوێنەرانی ئەپیکور و بەرپرسانی حکومەتی عێراق جەختیان لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی تەواوەتیی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، بەپێی رێککەوتنی هاوبەشی بازرگانی کە جێی رەزامەندیی هەردوولا بێت.
 
9ـی تشرینی دووەمی 2023، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەڕمی گەیشتە هەولێر و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا، دواتر سوودانی لەگەڵ هەریەکە لە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکاندا باسی پرسی ئاڵۆزیی و شەڕی چەکدارانی فەلەستین و ئیسرائیل کراوە و پرسی شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆران یەکێکی دیکە بووە لە تەوەری کۆبوونەوەکان.
 
هەرچەندە لە رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراوە، بەڵام رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام دوای تێپەڕینی نزیکەی هەشت مانگ، هێشتا هەناردە دەستی پێنەکردووەتەوە.