رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو دەست بە دروستکردنی ئەو یەکە نیشتەجێبوونانە دەکرێت کە بڕیاردراوە بە خەڵکی هەژار و کرێنیشین بدرێن و گوتیشی، "سەرەتا لە زاخۆوە دەستپێدەکەین."
رۆژی سێشەممە 11-10-2022، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەست بە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەکەن و هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بوون.
محەممەد شوکری گوتی: "ئامانجمانە بە زووترین کات لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکەش دەستپێبکەین، بەڵام هێشتا هەندێ کار و رسووماتی زەوییەکان ماون، ئەوانیش رەنگە بەمنزیکانە تەواوبن و دەستپێبکەین."
سەبارەت بە تێچووی یەکەکانیش، هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنان بە رووداوی گوت: "بەپێی خەمڵاندنەکانی ئێمە بۆ هەر مەترێک 250-350 دۆلار تێچووەکەی دەبێت، رووبەری یەکەکانیش 3 جۆرن، 80 مەتری، 100 مەتری و 120 مەتری. بۆ ئەوانەی سەڵتن تەنیا مافی ئەوەیان هەیە 80 مەترییەکە هەڵبژێرن. یەکەکان شووقە دەبن کە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان 8 نهۆمی و لە قەزایەکانیش 3 نهۆمی دەبێت."
لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی کە وەک پێشەکی وەردەگیرێت، هەڤاڵ سدیق دەڵێت: "هێشتا بڕەکەی دەستنیشان نەکراوە. چەند بژارەیەکمان هەیە، یەکێک لە بژارەکان ئەوەیە 30٪بێت قۆناخ بە قۆناخ، بژارەیەکی دیکەمان هەیە بە یەک قۆناخ وەربگیرێت، بەڵام کەمتربێت لە 30٪، ئەوەی دەمێنێتەوە بکرێتە قیستی مانگانە تاوەکو 15 ساڵ."
بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش دا، دروستکردنی ئەو یەکانە "قۆناخی یەکەمە و بەردەوام دەبێت، ئەوانەی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە ئەگەر لەم قۆناخە چانسیان نەبێت، لە قۆناخەکانی داهاتوو ئەو چانسەیان دەبێت بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون."
رۆژی 31-05-2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوون و رێکارەکانی جێبەجێکردن و دروستکردنی ئەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونەی کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد، لە زووترینکاتدا دەست بە رێکارەکانی دروستکردنی ئەو یەکانە بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ