بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ 

دوای دوو رۆژ لە دابەزین، ئەمڕۆ بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە.
 
دوای ئەوەی لە دوو رۆژی رابردوودا 100 دۆلار گەیشتبووە 150 هەزار دینار، ئەمڕۆ بۆ نزیکەی 149 هەزار و 500 دینار دابەزی.
 
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لە کاتی داخستنی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 149 هەزار و 700 دینار بووە. 
 
لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا بەیانیی ئەمڕۆ لە سلێمانی 100 دۆلار بە 149 هەزار و 900 دینار بووە.
 
رەوەز میرزا دەڵێت، ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق فرۆشی دۆلاری زیادکرد، ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دینار.
 
لە هەولێریش بە هەمان شێوە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە.
 
کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 149 هەزار و 600 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
لە مامەڵەکانی بەیانیی ئەمڕۆشدا 100 دۆلار لە هەولێر بەرامبەر بە 149 هەزار و 800 دینار بووە.
 
بە گوتەی کەیفی خۆشناو، ئەمڕۆ لە بازاڕدا حەواڵە زۆر بووە، ئەوەش هۆکارێکی سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دینارە.
 
بۆ حەواڵەکردن، بازرگانان دەبێت دینار بخەنە سەر هەژمارەکانیان، ئەوەش وا دەکات دینار لە بازاڕ کەمببێتەوە، بەوەش خستنەڕووی دۆلار زیاد دەبێت و خواست لەسەری کەم دەبێتەوە.
 
بۆ یەکەمجار دوای سێ هەفتە، لە دوو رۆژی رابردوودا 100 دۆلار گەیشتبووەوە 150 هەزار دینار.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 262 ملیۆن و 943 هەزار و 208 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ لەو بڕە، 246 ملیۆن و 543 هەزار و 208 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و، 16 ملیۆن و 400 هەزار دۆلاریشی بە شێوەی کاش بووە.