بەهای دینار زیاتر دابەزی؛ 100 دۆلار بە 156 هەزار و 500 دینارە

11-09-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لەکاتی داخستندا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و بەهای هەر 100 دۆلارێک بەراورد بە کاتی کردنەوە، دوو هەزار دینار بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە زیاتر لە 156 هەزار و 500 دینار.
 
رۆژی دووشەممە، 11.9.2023 حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوی هەولێر، 100 دۆلار بە 154 هەزار و 850 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا بەهای دینار دابەزی و 100 دۆلار بە 156 هەزار و 550 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
حاجی سابیر دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی ئەو دابەزینە بەرچاوەی بەهای دینار بڕیاری بانکی ناوەندییە بەوەی ئەو کەسانەی دۆلار لە هەژمارەکانیاندا هەیە، بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی [132 هەزار دینار] دەتوانن پارەکانیان بە دینار رابکێشن.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەشڵێت، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی بەهای دینار ئەوەیە بانکی ناوەندی دۆلاری کەمی بەشێوەی نەخت فرۆشتووە و خواستی بازاڕ پڕناکاتەوە.
 
حاجی سابیر لەبارەی بەهای دینار لە رۆژانی داهاتوودا پێیوایە، ئەگەر بانکەکان پابەندبن بە بڕیارەکەی بانکی ناوەندی، بەهای دینار زیاتر دادەبەزێت و رەنگە بەهای 100 دۆلار بگاتە 157 بۆ 158 هەزار دینار، بەڵام زەحمەتە بگاتە 160 هەزار دینار، چونکە بەشێك لەو کەسانەی [جگە لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو] لە بازاڕەکان مامەڵە بە دینار و دۆلار دەکەن و پێشتر دۆلاریان هەبووە و ئێستا قازانج دەکەن، دۆلارەکانیان دەفرۆشنەوە.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 196 ملیۆن و 589 هەزار و 136 دۆلاری فرۆشت؛ لەو بڕە 27 ملیۆن و 460 هەزار دۆلاری بە نەختینە بووە و ئەوەی دیکەی بۆ حەواڵە بووە.
 
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا لە سلێمانی، 100 دۆلار بە 154 هەزار و 950 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 156 هەزار و 750 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
جەبار گۆران دەڵێت، بڕیاری پێدانی دینار بە دۆلار بە نرخی فەرمی لە لایەن بانکەکانەوە بەو کەسانەی دۆلار لە هەژمارەکانیانە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای دینارە.
 
بە بڕوای گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی، ئەگەر ئەمشەو یان سبەی بانکی ناوەندی نەیێتە سەرهێڵ، رەنگە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار زیاتر دابەزێت. دەشڵێت، بەرژەوەندیی سیاسیی گەورە لەپشت دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلارە، خەڵک متمانەی بە دینار لاواز بووە.
 
جەبار گۆران پێیوایە بۆ بەرزکردنەوەی بەرچاوی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، دەبێت رێکارەکانی بانکی ناوەندی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێن، وەکو کارتی ئەلیکترۆنی، پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بە بازرگانان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو، ئەوکاتە رەنگە بەهای 100 دۆلار بۆ 145 هەزار و زیاتریش دابەزێت.
 
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام نەیتوانیوە بەهای دینار لە بازاڕەکاندا بەرامبەر دۆلار جێگیر بکات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە