بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق: خوێندنەوەی هەڵە بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا کراوە

11-09-2023
سۆران حوسێن
مەسعوود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق
مەسعوود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق
نیشانەکردن بودجە مەسعوود حەیدەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خشتەی مووچەدا 9 تریلیۆن و 300 ملیار دینارە، کە مانگانە دەکاتە 775 ملیار دینار؛ گوتیشی، خوێندنەوەی هەڵە بۆ یاسای بودجە کراوە و ژمارەکانی فەرمانگەی ژمێریاری هەڵەیان تێدا کراوە و دەبێت چارەسەر بکرێن.
 
رۆژی دووشەممە 11ـی ئەیلوولی 2023، مەسعوود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "وشەی ئینفاقی فیعلی لەلایەن وەزیری داراییەوە خوێندنەوەی زۆر هەڵەی بۆ کراوە. من، وەکو کوردێک و بریکاری وەزیری دارایی، هەوڵمداوە بابەتەکان چارەسەر بکرێن و رێکبخرێنەوە، کە لە چارەسەرکردنیان محەممەد شیاع سوودانیش (سەرۆکوەزیرانی عێراق) رۆڵی هەیە."
 
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق کە لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستەکەی وەرگرتووە، ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو خوێندنەوانەی بۆ یاسای بودجە کراون، تەواو نین و ناهەقیی گەورەیان بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تێدایە و دەبێت چارەسەر بکرێن."
 
مەسعود حەیدەر گوتی، "هەفتەی داهاتوو لە بەغدا دەبم و بە نووسراوی فەرمی وەکو بریکاری وەزیر بۆچوونی خۆم دەدەمە سەرۆکوەزیرانی عێراق. لەو کۆبوونەوانەشی شاندی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەکانی عێراق کردوویانە، فەرمانگەی ژمێریاری (ـی عێراق) هەڵەی لە ژمارەکاندا کردووە و ژمارەکان تەواو نین."
 
مەسعود حەیدەر گوتیشی، "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خشتەی مووچەدا 9 تریلیۆن و 300 ملیار دینارە کە مانگانە دەکاتە 775 ملیار دینار. ئەمە مافی مووچەخۆرانە. لە 1-1-2023 بۆ کۆتایی مانگی شەش زیاتر لە 4 تریلیۆن و 650 ملیار دینار تەنیا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە. هەندێک فەرمانبەر و خەڵک لەنێو وەزارەتی دارایی (عێراق) خوێندنەوەی هەڵەیان بۆ کردووە و دەبێت چارەسەر بکرێت."
 
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی داتای بەردەستی ئەو، داهاتی نەوتی و نانەوتیی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 5 ترلیۆن دینار بووە، لەو بڕەش تریلیۆنێک و 300 ملیار دیناری بۆ خەرجیی کۆمپانیا نەوتییەکان بووە"؛ گوتیشی، "دەبێت لە عێراقدا هاوبەشیی راستەقینە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت. مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش نەکرێتە کارتی سیاسی و تێکەڵی ململانێی سیاسی بکرێت."
 
ئەمڕۆ 11ـی ئەیلوولی 2023ـیە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی تەمموز و ئابیان وەرنەگرتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مووچە لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە و ئەو حکومەتە پابەندی یاسای بودجە و رێککەوتنەکان نابێت. بەپێچەوانە حکومەتی عێراقیش حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپابەندنەبوون تۆمەتبار دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.