پێدانی قەرزی بچووک دەستپێدەکاتەوە

رووداو- سلێمانی

سندووقی پشتیوانی پڕۆژە بچووکەکانی لاوان، پرۆژەی پێدانی قەرزی بچووک بە لاوان دادەڕێژێتەوە و لە یەک ملیۆن دینارەوە بۆ 15 ملێون دینار قەرز بە گەنجان دەدات بەو مەرجەی تەمەنی لە 35 ساڵ زیاتر نەبێت.

ئارام محەممەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی سندووقی پشتیوانی پڕۆژە بچووکەکانی لاوان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند : "لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ
چوارساڵی داهاتوو، پرۆژەیەکیان داڕشتووە بۆ دووبارە پێدانەوەی قەرزی بچووک بە گەنجان" .

قەرزی بچووک لە ساڵی 2016 وە لە هەرێمی کوردستان راگیراوە بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە. لەبارەی وادەی دەستپێکردنی پێدانی قەرزەکان ئارام محەممەد گوتی: " پلانی چوار ساڵمان داڕشتووە، بودجەی ساڵانەشمان 25 ملیار دینارە ، هەرکاتێک پرۆژەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسندکرا ئێمە دەست بە دابەشکردنی دەکەین".

بە گوتەی ئارام محەممەد، یەکەم مەرجی پێدانی قەرزی بچوک تەمەنە، دەبێت تەمەنی لە نێوان 16 بۆ 35 ساڵیدابێت، دانیشتووی هەرێمی کوردستان بێت و خاوەنی بیرۆکە بێت ، توانای دارایی لاواز بێت و لە کەرتی گشتی و تایبەت کاری
نەبێت، دواتریش خولێکی 5 رۆژییان بۆ دەکرێتەوە کە ناوەڕۆکی خولەکە لەلایەن رێکخراوی کاری نێودەوڵەتییەوە بۆی دیاری کراوە".

بڕی ئەو قەرزەی کە دەدرێت بە گەنجان لە یەک ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات بەپێی قەبارەی پرۆژەکەی تاوەکو 15 ملیۆن دینار، بۆ ماوەی 6 ساڵ و ساڵانە 11 قیست دەگەڕێننەوە.