وەزارەتى دارایی عێراق: کێشەى کەمیی پارەمان نییە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى دارایی عێراق رەتیکردەوە کێشەى کەمیى پارەى نەختینەى هەبێت و دەڵێت، مانگانە 7.5 تریلیۆن دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و عێراق تەرخان دەکات. ئەندامێکى پەرلەمانى عێراقیش دەڵێت، کێشەى نەناردنى مووچەى هەرێمى کوردستان پەیوەستە بە لیستى مووچەى خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان.  

ئەو وەزارەتە لە روونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـى ئابی 2024 بڵاویکردەوە، رایگەیاندووە، ئەوەى لەبارەى نەبوونى پارەى نەختینە بڵاوکراوەتەوە بۆ مانگى تەممووز و مانگەکانى دواتر "راست نین" و مانگانە نزیکەى 7.5 تریلیۆن دینارى تەرخان کردووە بۆ مووچەى فەرمانبەران، چاودێریى کۆمەڵایەتى، خاوەن پێداویستیى تایبەت و دەرماڵەى قوتابیان و مووچەى موختارەکان. 
 
وەزارەتى دارایی عێراق دەڵێت: خەرجیی ساڵى 2023 گەیشتووەتە 145 تریلیۆن دینار، لەکاتێکدا داهاتى نەوتى و نانەوتى 135 تریلیۆن دینار بووە، ئەو کورتهێنانە بە پارەى ماوەى 2022 پڕکراوەتەوە. 
 
ئەو روونکردنەوەیە لەبارەى نەبوونى کێشەى پارەى نەختینە لەکاتێکدایە، وەزارەتى دارایی فیدراڵ مووچەى مانگى تەممووزى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى نەناردووە.
 
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: کێشەى نەناردنى مووچە، کەمیى پارەى نەختینە نییە. وەزارەتى دارایی زیاتر لە 46 تریلیۆن دینارى هەیە کە مامەڵەى بەردەوامى خولاوى پێوەدەکات، نەناردنى مووچە بەهۆى دوو کێشەى دیکەیە لەبارەى لیستى مووچەوە.
 
بە گوتەى سۆران عومەر، لیستى مووچەى خانەنشینان بە هاوتاکراوى لەگەڵ خانەنشینانى عێراق نێردراوە بۆ بەغدا، کە 70 بۆ 75 ملیار دینارى دەوێت و ئەوە پێویستى بە وردبینى زیاتر و بڕیارێک هەیە لە حکومەتەوە بۆ خەرجکردنى، ئەگەرچى بڕیارێک بۆ پێکهێنانى لیژنەیەک بۆ ئەو هاوتاکردنە پێکهاتووە.
 
پارەى پێویست بۆ مووچەى مانگانەى هەرێمى کوردستان زیاتر لە 950 ملیار دینارە، زیاتر لە 230 هەزار خانەنشینى مەدەنى و سەربازيى لە هەرێمى کوردستان هەن.
 
سۆران عومەر رایگەياند: یەکێکى دیکە لە بەربەستەکان، لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکانە کە وەزارەتى دارایی فیدراڵ تێبینى لەبارەیەوە هەبووە و رەوانەى هەرێمى کوردستانیان کردووە بۆ چارەسەرکردنى.