نوێنەرەکەیان: هیچ کۆمپانیایەک نییە لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دۆلار بداتە گەشتیاران

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ئەحمەد جاف
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ئەحمەد جاف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، هیچ کۆمپانیایەک دۆلار بە نرخی فەرمی وەرناگرت و هەر "ئەمڕۆ و سبەی"یان پێدەکرێت. هیچ کۆمپانیایەکی تۆمارکراویش نییە لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دۆلار بداتە گەشتیاران.
 
ئەم گوتانەی ئەحمەد جاف، نوێنەری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00 کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات.
 
ئەو نوێنەرە لەبارەی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانی دەڵێت، پێش زیاتر لە مانگێک نووسراو هەبوو کە کۆمپانیاکان دەتوانن لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دۆلار بە نرخی فەرمی بدەنە گەشتیاران، بەڵام هیچ کۆمپانیایەکی تۆمارکراو نییە کە ئەو دۆلارە لە بانکی ناوەندیی عێراق وەربگرێت. 
 
ئەحمەد جاف گوتیشی، "لەگەڵ بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر کۆبووینەوە و گوتیان، رێگە بە یەک یان دوو کۆمپابنیا دەدرێت دۆلار بە نرخی فەرمی بداتە گەشتیاران، بەڵام کۆمپانیای تۆمارکراو نییە،" ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ بانکی بازرگانیی عێراق هەیە، بەڵام ئەگەر ئەویش بێت ناتوانێت خواستی هەموو گەشتیاران دابین بکات، چونکە ژمارەی گەشتیاران زۆرە. 
 
ئەحمەد جاف دەڵێت، سێ ساڵە کار لەسەر ئەوە دەکەن بچنە نێو دەروازەی وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی، بەڵام رێکار و رۆتینی زۆر هەن، بۆیە تاوەکو ئێستا هیچ کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان دۆلاری بە نرخی فەرمی پێنادرێت.
 
لەبارەی وەڵامی بانکی ناوەندییەوە ئەحمەد جاف گوتی، "بەردەوام ماوەمان پێدەدرێت، وەک ساڵێک یان شەش مانگ؛ بەردەوام پێمان دەگوترێت رێکار هەیە و کاری لەسەر دەکرێت."
 
ئەحمەد جاف دەشڵێت، "کۆمەڵێک کۆمپانیا هەن حەوت مانگە لە کارکردن وەستاون. لەبارەی هۆکارەکەشی دەڵێن، نووسراومان کردووە بۆ بانکی ناوەندی و چاوەڕوانی وەڵامین. کاتێکیش لە بانکی ناوەندی دەپرسین، دەڵێن "نووسراوی نهێنیمان کردووە."
 
نوێنەرەکەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان گوتیشی، دووجار لەگەڵ سەرۆکی بانکی ناوەندیی عێراق کۆبوونەتەوە و بڕیار بووە کارەکان خێراتر بکرێن، بەڵام هێشتا ئەنجامەکان دیار نین.
 
بە گوتەی ئەحمەد جاف، لە بابەتەکانی پەیوەست بە باج و رسووماتەوە "وەک بانک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت"، کۆمپانیا هەیە داخراوە، بەڵام خەرجیی مانگانەی 10 بۆ 15 ملیۆن دینارە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

راوێژکارێکی سوودانی: کێشەی پارەی کاشمان نییە و سەرووی 100 تریلیۆن دینارمان هەیە

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری گوتی: "دابینکردنی پارەی کاش لە رێگەی فرۆشی نەوت دابین دەکرێ کە پارەکەی بە دۆلارە، هەر کاتێک حکومەت پێویستی بە دینار بێ بۆ خەرجیی ناوخۆیی پارەی فرۆشی نەوتەکە کە دۆلارە دەگۆڕێتەوە، بانکی ناوەندیی عێراق دیناری پێدەدات".