ئێران: پرۆسەی ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانمان دەستیپێکردووە

11-08-2023
سینا سۆما
A+ A-

هەولێر دیجیتاڵ

ئێران بە فەرمی رایگەیاند، پرۆسەی ئازادکردنی پارەی سڕکراوی ئێران لە عێراق و کۆریای باشوور دەستیپێکردووە و لەبەرامبەردا تاران ژمارەیەک هاووڵاتیی ئەمریکی کە لە ئێران زیندانیکرابوون، ئازاد دەکات.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا کە شەوی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، دەڵێت، "پرۆسەی ئازادکردنی ملیارەها دۆلار لە سەروەت و سامانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە چەند ساڵێکە بەشێوەیەکی نایاسایی لە کۆریای باشوور لەلایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیراوە، دەستیپێکرد. ئێران گەرەنتیی پێویستی بۆ پابەندبوونی ئەمریکا بە ئەرکەکانی لەم بوارەدا وەرگرتووە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لابردنی کۆت و بەندەکانی سەر سەرچاوە داراییەکانمان کە بە نایاسایی و بەهۆی نیگەرانیی بانکە دەرەکییەکان لە گەمارۆ چەپەڵەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی نایاسایی سڕ کراون یان بەکارهێنانیان قورس کراوە، هەمیشە لە بەرنامەی وەزارەتماندا بووە."
 
سەبارەت بە چۆنیەتی وەرگرتنەوە یان خەرجکردنی پارەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "شێوازی کەڵکوەرگرتن لەو سەرچاوە داراییانە لە بەردەستی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە، ئەو پارەیە بەپێی بڕیاری لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی وڵات خەرج دەکرێت."
 
لەگەڵ ئازادکردنی پارە سڕکراوەکان، باس لە ئاڵوگۆڕکردنی چەند گیراوێکی نێوان هەردوولا دەکرێت. وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا ژمارەیەک هاووڵاتیی ئێرانی کە لە ئەمریکا زیندانی کراون لە ماوەیەکی نزیکدا ئازاد دەکرێن، هەروەها ژمارەیەک زیندانیی ئەمریکیش لەلایەن ئێرانەوە ئازاد دەکرێن."
 
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ئاژانسی هەواڵی فارس نیوزی سەر بە سوپای پاسداران، محەمەد جەمشیدی، جێگری کاروباری سیاسیی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندووە، دوای ئازادکردنی پارەی ئێران لە عێراق، پرۆسەی ئازادکردنی سەرجەم سەروەت و سامانی ئێران لە کۆریای باشووریش دەستیپێکردووە و تاوەکو گواستنەوەی تەواوی پارەکە، گیراوە ئەمریکییەکان لە ئێران دەمێننەوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا 6 ملیار دۆلاری سڕکراوی ئێران لە کۆریای باشوور ئازاد دەکرێت و دەگوازرێتەوە بۆ بانکێک لە قەتەر، هەروەها نزیکەی 6.6 ملیار دۆلار لە پارەی سڕکراوی ئێران لە بانکی بازرگانیی عێراقەوە دەگوازرێتەوە بۆ بانکەکانی عومان.
 
حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی 8ـی ئەم مانگە رایگەیاندبوو، "ئێمە چەندین مانگە لە رێگەی قەتەر و عومانەوە سەرقاڵی نامە گۆڕینەوەین لەگەڵ ئەمریکا، پرسی ئاڵۆگۆڕکردنی زیندانییان بۆ ئێمە بە تەواوەتی مرۆییە."
 
ئێران مافی نییە بەشێوەی کاش ئەو پارانە وەربگرێتەوە، بەڵام دەتوانێت بۆ کڕینی دەرمان و ئەو کەرەستانە بەکاربهێنێت کە سزاکانی ئەمریکا نایانگرێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە