رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای دانەگاز راپۆرتی دارایی نیوەی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئاستی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 1٪ بەرزبووەتەوە و بەراورد بە ساڵی رابردوو قازانجمان بەڕێژەی 82٪ زیادیکردووە.
سەرەڕای ئەو هێرشانەی لە ماوەکانی رابردوودا کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، کۆمپانیای دانەگاز دەڵێت، ئاستی بەرهەمهێنانیان لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە. سەبارەت بە یەکەم قۆناخی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرۆمۆر کە بە KM250 ناسراوە کۆمپانیای دانەگاز لەو بارەیەوە رایگەیاندووە یەکەم بیری نەوتیان لە چوارچێوەی پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆڕ هەڵکۆڵیوە و کارکردن لەسەر هەڵکۆڵینی بیری دووەمیش بەردەوامە.
لە رۆژانی 22 بۆ 25ـی حوزەیران سێ جار بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.
دانەگاز دەڵێت، هەرچەندە کارکردن لە مانگی شەش لەسەر پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆڕمۆر وەستا، بەڵام لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی وتوێژن بۆ دەستپێکردنەوەی پەرەپێدانی کێڵگەکانیان.
بەپێی راپۆرتی دارایی کۆمپانیای دانەگاز داهاتی کۆمپانیاکە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 284 ملیۆن دۆلار بووە کە بە رێژەی 31٪ زیادیکردووە. هەروەها قازانجی کۆمپانیاکە لەو ماوەیەدا بە رێژەی 82٪ بەرزبووەتەوە بۆ 111 ملیۆن دۆلار.
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە کە خەرجییەکانی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە رێژەی 16٪ کەمکردووەتەوە و جەخت لەوەدەکاتەوە کە سەرەڕای ئاڵنگارییە ئەمنییەکان کارەکانی کۆمپانیاکە بەباشی بەڕێوەدەچن و لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بە رێژەی 1٪ زیادیکردووە.
پاتریک ئالمان وارد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نیوەی یەکەمی ئەمساڵمان بە بەهێزی بەڕێکرد، هۆکارەکەشی باشترکردنی کارەکانمان و ژینگەی لەباری بازاڕی وزە بووە."
ئالمان وارد هەروەها دەڵێت، "سەرەڕای بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و سەرهەڵدانی نادڵنیایی لە ئابووریی جیهاندا، هێشتا ئاسۆی بازاڕی وزە و نرخەکانیش بە بەهێزی دەردەکەوێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ