وەزارەتی بازرگانیی عێراق: زیاتر لە 6 ملیۆن تۆن گەنم وەرگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لە وەرزی وەرگرتنی گەنمدا سەرکەوتنی باشیان بەدەستهێناوە و تاوەکو ئێستا شەش ملیۆن تۆن گەنمیان وەرگرتووە، دەشڵێت، وەرگرتنی گەنم لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەرگرتنی گەنم لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، دوای ئەوەی لە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق سەرکەوتووبووین، بڕی ئەو گەنمەشی تاوەکو ئێستا وەرگیراوە گەیشتووەتە شەش ملیۆن تۆن."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی: "هاوئاهەنگیی باش لەنێوان وەزارەتی بازرگانیی عێراق و حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەیە، جگە لە هاوئاهەنگیی ئاست بەرز لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
محەممەد حەنوون گوتی: "بەپێی ئەو رێککار و رێنماییانەی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە دایڕشتووە، هەموو گەنمی ئەم ساڵ وەردەگیرێت و رێگە بە هاتنەناوەوەی گەنمی کۆگاکانی دیکە نادرێت کە هی ساڵانی رابردوون."
محەممەد حەنوون، پەسنی ئەو پشکنینە تاقیگەییانەشی کرد کە بۆ رێگری لە سەرپێچییەکانی ساڵانی رابردوو دەکرێن و، گوتیشی: "ئەم ساڵ ساڵی خۆبژێوییە لە بەرهەمی گەنم و رەنگە لەگەڵ بەردەوامیی وەرزی وەرگرتنەوەی گەنم بگەین بە ژمارەیەکی دیکە و وەرگرتنەوەی بڕی دیکەی گەنم."
عێراق ساڵانە پێویستی بە بڕی چوار ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنم هەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی خۆبژێوی، بەڵام ئەمساڵ تاوەکو ئێستا زیاتر لە شەش ملیۆن تۆن گەنمی لە جووتیاران کڕیوەتەوە.