زێڕ لە رۆژێکی هەستیاردایە؛ بڵاوبوونەوەی ئامارێکی ئەمریکا کاریگەری لەسەر نرخەکەی دەبێ
رووداو دیجیتاڵ
هەفتەیەکە مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 500 هەزار دینارە. نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش زیاتر لە 20 دۆلار بەرزبووەوە. ئەمڕۆ دوو داتای گرنگ لەبارەی ئابووریی ئەمریکا بڵاودەبنەوە، کە دەکرێت کاریگەریی بەرچاوی لەسەر نرخەکانی زێڕ دابنێت.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، نرخی زێر 21 دۆلار بەرزبووەوە. هەر ئۆنسەیەک بە دوو هەزار و 386 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
چاوەڕوانیی بازرگانان بۆ داتاکان هەستیارەکانی ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن.
رۆژی پێنجشەممە کاژێر 15:30 بە کاتی هەولێر ئاماری هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ مانگی حوزەیرانی رابردوو بڵاودەبێتەوە.
لە ئایاردا رێژەکە 3.3% بوو. ئەگەر رێژەکە بۆ مانگی رابردوو بەراورد بە رێژەکەی مانگی ئایار کەمتر بێت، ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە مانگی ئەیلوول زیاتر دەبێت. ئەمەش کاریگەریی "ئەرێنیی زۆر"ـی لەسەر زێڕ دەبێت.
بەپێی پێشبینیی ناوەندە ئابوورییەکان، رەنگە لە مانگی رابردوودا هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ 3.1% دابەزیبێت. بەڵام ئەم پێشبینییانە تاڕادەیەکی زۆر یەکلاییکەرەوە نین.
بەپێچەوانەشەوە، بەرزبوونەوەی رێژەکە ئەگەری دواخستنی کەمکردنەوەی رێژەی سوود زیاد دەکات و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر زێر دەبێت.
هەمان کات، ژمارەی ئەو کەسانەش لە ئەمریکا رادەگەیێندرێت کە هەفتەی رابردوو داوای بیمەی بێکارییان کردووە.
بەپێی شرۆڤەکاران، ئەگەر هەڵاوسان دابەزێت و داواکارانی بیمە زیادببن، ئەگەرێکی زۆر هەیە نرخی زێر بگاتەوە ئاستی 2 هەزار و 400 دۆلار، چونکە ئەوکاتە ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە ئەیلوولی ئەم ساڵدا لە لایەن ئەمریکاوە زیاتر دەکات.
رۆژی سێشەممە 10-7-2024 جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە بەردەم کۆنگریس رایگەیاند، پێشکەوتن بەدەست هاتووە لە کۆنترۆڵکردن و دابەزاندنی هەڵاوسان و ئەوەش گەشبینیی لای بازرگانان دروستکردووە کە بانکەکە لەم ساڵدا دوو جار سووی بانکی کەمبکاتەوە.
هەرچەندە پاوڵ رەتیکردەوە هیچ ئاماژەیەکی راستەوخۆ لەبارەی کاتی یەکەمین کەمکردنەوەی رێژەی سوود بەدەستەوە بدات، بەڵام راشکاوانە گوتی کە "داتای زیاتری ئەرێنی ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود زیاد دەکات" و ئەوان لەسەر بنەمای داتا و کۆبوونەوە دوای کۆبوونەوە بڕیار لەبارەی رێژەی سوودەوە دەدەن.
ئێستا 70%ـی بازرگان و وەبەرهێنەران پێشبینی دەکەن لە ئەیلوولی ئەم ساڵدا ئەمریکا رێژەی سوود کەمبکاتەوە.
لە مانگی ئایاردا 218 هەزار کەس لە ئەمریکا لە کەرتی تایبەت کاریان دەستکەوتبوو و بێکاریش 4% بوو، بەڵام لە مانگی حوزەیراندا دامەزراندن بۆ 206 هەزار کەس کەمبووەوە و بێکاریش بۆ 4.1% بەرزبووەوە.
جیرۆم پاوڵ دەڵێت، ئەو ئامارانە هێشتا لە ئاستێکی نزمدان، بەڵام خاوبوونەوەی بازاڕی کار و دابەزینی هەڵاوسان لە دوو ساڵی رابردوودا بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە.
نرخی مسقاڵی زێڕ لە بەرزترین ئاستیدا
بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکانی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، هەر گۆڕانێک لە نرخی ئۆنسەی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بە بەرزبوونەوە و دابەزین، کاریگەریی راستەوانەی لەسەر نرخی مسقاڵی زێڕ لە هەرێمی کوردستان دەبێت.
لە 4ـی ئەم مانگەوە نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە 500 هەزار دینار جێگیرە. رۆژانی 6 و 7ـی ئەم مانگەش گەیشتە 503 هەزار دینار.
بەپێی سەندیکای زێڕینگران، ئێستا نرخی فرۆشتنی زێڕ بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24=570,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22=525,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21=500,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18=430,000 دینار
تائێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمە زۆرترین ماوەیە نرخی مسقاڵی زێڕ لەو ئاستە بەرزەدا مابێتەوە.
گۆڕانی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دوو هۆکار؛ نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی نێوخۆ. هاوتەریب لەگەڵ نرخی ئۆنسە لە لایەک و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار هەڵبەز و دابەز دەکات.
هەرچەندە پێرێ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 40 دۆلار دابەزی و بە دوو هەزار و 352 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار وایکرد نرخی مسقاڵی زێڕ دانەبەزێت.
لە ئەگەری بەرزنەبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار و، دەرچوونی داتاکانی ئەمریکا لە بەرژەوەندیی زێڕ، ئەگەری مانەوەی نرخی مسقاڵی زێر لەو ئاستە بەرزەی ئێستادا زیاتر دەبێت. بە پێچەوانەشەوە پێشبینی دەکرێت بە ئاسانی دابەزێت.