عێراق مامەڵەکردن بە دراوی چینی رادەگرێت

11-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عێراق مامەڵەکردنی بە دراوی یوانی چینی لە حەواڵە داراییەکان راگرت. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمان دەڵێت، بڕیارەکە لەلایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە بەسەر حکومەتی عێراق سەپێندراوە.

موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بانکی فیدراڵیی ئەمریکا راگرتنی مامەڵەکردنی بە دراوی یوانی چینی بەسەر عێراق دا سەپاند بە پاساوی ئەوەی سەرپێچی لە بەشێک لە حەواڵە داراییەکان یان بوونی کێشەی دیاریکراو هەیە."
 
بەگوتەی کازمی: "زۆر لە بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لەلایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە دەسەپێندرێن."
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا دادەنرێت، کە رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل دەبێت، ئەو پارەیە بە نەخت نادرێت بە عێراق، بەڵکو حەواڵە دەکرێت لەڕێگەی ئەو حەواڵانەی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ بانکی فیدراڵی دەریان دەکات."
 
موعین کازمی پێیوایە، "زۆر لە رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بە ئیرادەی ئەمریکاوە بەستراونەتەوە، رەنگە ئەو ئیرادەیە بە هۆکاری کارگێڕی یان دارایی و پارەدارنەکردنی تیرۆر و شتی دیکە ببەسترێتەوە، بەڵام مەبەستەکان سیاسیین و بۆ گوشارخستنە سەر حکومەتی عێراقە."
 
ئەو پەرلەمانتارە داوا لە بانکی ناوەندی دەکات کێشەکە چارەسەر بکات و سەبەتەی دراوەکان هەمەچەشن بکات، بۆ ئەوەی بژارەکان بۆ بانکی ناوەندی و بازرگانان فرەبێت.
 
بانکی ناوەندیی عێراق سەرەتای 2023 ژمارەیەک بڕیاری بۆ پارێزگاری لە سەقامگیریی دۆخی نەختینە و ئابووریی گشتی و رووبەڕووبونەوەی مەترسییەکانی هەڵبەز و دابەزی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دەرکرد، لەوانە ئاسانکاریی لە پرۆسەی هاوردە و هەناردە لە رێگەی کردنەوەی مامەڵەی نوێ لەگەڵ بانکەکانی جیهان، لەنێویاندا بانکەکانی چین.
 
لە بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، بەهێزکردنی باڵانسی بانکەکانی عێراق بوو، ئەوانەی هەژماریان لە بانکەکانی چین بە دراوی ئەو وڵاتە هەیە، چونکە مامەڵەی راستەوخۆ بە یوان کاریگەریی لەسەر خێراکردنی مامەڵە داراییەکان و کەمکردنەوەی تێچووی هاوردەکردن هەیە و نرخەکانی دراو لەنێو عێراق دەپارێزێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەوەندەر

کشتوکاڵی ورمێ: یەک ملیۆن و 240 هەزار تۆن چەوەندەر لە جووتیاران كڕدراوە

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئەم ساڵ نزیکەی یەک ملیۆن و 240 هەزار تۆن چەوەندەری بەرهەمهێندراوی پارێزگاکە لەلایەن کارگەکانی قەند و شەکرەوە کڕدراوە