رووداو دیجیتاڵ
دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە، 11-7-2023) نرخی نەوت لەبەر کەمکردنەوەکانی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئەندامانی ئۆپێکەوە، بەرزبووەوە.
هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور رۆژی سێشەممە، 23 سەنت بەرزبووەوە و بە 77 دۆلار و 92 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 32 سەنت بەرزبووەوە و بە 73 دۆلار و 31 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوت رۆژی دووشەممە بەرێژەی 1٪ پاشەکشەی کردبوو، بەهۆی نیگەرانیی لە ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا، کە دەبووە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو.
نرخی نەوت لە هەفتەی رابردوودا بەڕێژەی 4.5٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیبوو.
سعودیە، گەورەترین بەرهەمهێنەری نێو رێکخراوی ئۆپێک، رایگەیاندووە جگە لەم مانگە لە مانگی داهاتووشدا بەشێوازی ئارەزوومەندانە لە دەرەوەی رێککەوتنی ئۆپێک، رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی کەمدەکاتەوە.
ئێدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی نەوت لەبەر نیگەرانی کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و، تەنیا هۆکارێک کە دەتوانێت بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بووەستێنێت، ئامارەکانی هەڵاوسانە لە ئەمریکا، کە سبەی (چوارشەممە) بڵاودەبنەوە".
بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە زیاد دەکات، کە سستبوونەوەی ئابووری و کەمبوونەوەی خواست بۆ نەوتی خاوی لێدەکەوێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ