ئاشتی هەورامی: یەدەگی نەوتی هەرێمی كوردستان 45 بلیۆن بەرمیلە
سەمیع زوبێر
رووداو ـ حەیات
وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كە مافی كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان لە سەرووی 3.5 ملیار دۆلارەوەیە. نەوتی یەدەگی هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیشی بە 45 بلیۆن بەرمیل خەمڵاند.
ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان، بە رۆژنامەی حەیات-ی راگەیاندووە "دانوستانەكانمان لەگەڵ بەغدا بەپێی ئەو یاسایە دەبێت كە مافە داراییەكانی هەرێم لە داهاتەكانی حكومەتی فیدراڵی دیاریدەكات".
گوتیشی: "ساڵی پار حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەغدای راگەیاندووە كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكان زیاتر لە 3.5 بلیۆن دۆلاریان پێویستە ئەوەش مافێكی دەستوورییە".
هەورامی رەتیدەكاتەوە هەرێمی كوردستان بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا نەوتی هەناردە كردبێت و دەڵێت "پرۆسەكە بەپێی رێككەوتننامەی بەغدا ئەنجام دەدرێت، بەمەرجێك 50% داهاتەكان بۆ كۆمپانیاكان بێت و 50%شی بگەڕێتەوە گەنجینەی دەوڵەت، بەڵام بەغدا دەیەوێت دەست بەسەر هەموو داهاتەكاندا بگرێت".
وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان، بە قاچاخبردنی نەوتیشی رەتكردەوەو رەخنەشی لە شێوازی هەناردەكردنی نەوت گرت لەلایەن بەغداوەو گوتی "تاوەكو ئێستاش لەسەر شێوازی رژێمی پێشوو نەوت هەناردە دەكرێت و یاساكانیش لەسەر ئێمە دەسەپێنن".
هەوارمی پێیوایە دەركردنی یاسای نەوت و غاز كلیلی چارەسەری سەرجەم كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدایە.
لە دەقی مادەی 112 ی دەستووری عێراقدا هاتووە، حكومەتی ناوەندی نەوت و غازی دەرهێنراو بەڕێوەدەبات لە كێڵگە نەوتییەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو پارێزگایانەی نەوتیان تێدایەو بەپێی ژمارەی دانیشتووان داهاتەكانی دابەش دەكات. هەروەها بۆ ماوەیەكی دیاریكراویش بەشێك بۆ هەرێمە زیانلێكەوتووەكان تەرخان بكات، دەبێ پێكەوەش سیاسەتی ستراتیژی پێویست بۆ پێشخستنی سامانی نەوت و غاز دابڕێژن.
ئاشتی هەورامی یەدەگی نەوتی هەرێمی كوردستانی بە 45 بلیۆن بەرمیل خەمڵاندووە، "ئەمە جگە لە نەوتی ناوچە دابڕاوەكان، كە بەپێی خەمڵاندنە بەراییەكان ئاماژە بە 100 تاوەكو 200 ترلیۆن مەتر سێجا دەكەن".
سەبارەت بەپلانی وەزارەتەكەی بۆ ساڵانی داهاتوو، ئاشتی هەورامی گوتی "ساڵی 2015 دەتوانین رۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بێنین، ساڵی 2019ش بۆ دوو ملیۆن بەرمیل بەرزدەبێتەوە". سەبارەت بە پاڵاوتنی خام و بەرهەمە سووتەمەنییەكانیش گوتی "پێشبینی دەكرێت بۆ 150 - 250 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا بەرزبێتەوە".